ئاراستەكانی پەرەسەندنی ئاڵۆزی نێوان ئەمەریكا و ئێران

:: PM:06:30:11/07/2019 ‌

تەنیا چەند سەعاتێك لە نێوان دوو هەڵوێستی جیاوای ئەمەریكا هەبوو، كاتێك دوێنێ لە بەیاننامەی واشنتن بۆ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ئامادەیی بۆ گفتوگۆی بێ مەرج لەگەڵ ئێران دەربڕی و دواتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەو وڵاتە لە تویتێك دووپاتی كردەوە كە ماوەیەكە ئێران بە نهێنی سەرقاڵی پیتاندنی یۆرانیۆمە و بەڵێنی دا بەمنزیكانە سزای زۆر گەورەی بەسەردا بسەپێنن. 

لە خوارەوە بۆچوونی سێ شارەزای ئەمەریكین كە شرۆڤەی ئاراستەی پەرەسەندنی دۆخەكە لە نێوان ئەمەریكا و ئێران لە ناوچەكە دەكەن، لەوانە دێڤید رۆش، سەربازی پێشوو و مامۆستای یاریدەر لە سەنتەری رۆژهەڵاتی نزیك و باشووری ئاسیا لە زانكۆی بەرگری نیشتیمانی ئەمەریكا پێی وایە كە ئێران لە رێگەی زیادكردنی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم گوشار دەخاتە سەر ئەوروپا بۆ گوشارخستنە سەر واشنتن بۆ سووككردنی سزاكانی سەری. 

زیاتر گوتی، ئێرانییەكان لەو بۆچوونەیان خۆیان ناچار دەبیننەوە كە بەهۆی ترەمپەوە ئەو كارە دەكەن و مەبەستیشیان ئەوەیە جارێمی تر لە هەڵبژاردن نەیباتەوە و سزاكانی سەری بەردەوام نەبن یان لە هەشت ساڵەوە ببێت بە دوو ساڵ، هاوكات سوپای پاسداران سوود لەو سزایانە ئەمەریكا دەبینێت بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەموو لایەنەكانی ژیانی ئابووری ئێران، لەبری هەوڵدان بۆ سووككردنی كاریكەری سزاكان بۆ سەر گەلی ئێران.  

ئەو شرۆڤەكارە وای دەبینێت كە لەگەڵ بەردەوامبوونی سزاكانی سەر ئێران رۆڵی سوپای پاسداران زیاتر دەبێت، چونكە كێشە لە سەپاندنی سزای فرەوان بۆ سەر رژێمە ستەمكارەكانی وەك ئەوەی ئێران هەیە، راستە تۆ دەتوانیت گوشاری ئابووری بكەیتە سەر و ئازاری بدەیت، بەڵام لەسەر ئاستی نزیك دەستەبژێری گەندەڵ لە مەلاكان و پاسداران و ئەوانەی كۆنترۆڵی هێزە دەكەن لەو وڵاتە، كاریان تێ ناكرێت. 

روونی كردەوە، پێویستە تێبینی ئەوە بكەین كە واشنتن وڵامی خستنەخوارەوەی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكەی نەدایەوە كە مەترسیدارترین قۆناغی پەرەسەندنەكە بوو تا ئێستە، هاوكات ئێران هیچ وڵامێكی ئەرێنی بەرانبەر ئەو هەنگاوەی ئەمەریكا نەبووە، بۆیە رۆش رەخنەی لە تاران گرت بەوەی لەبری ئەوە لە رێگەی حوسییەكانی یەمەن هێرشی كردە سەر سعوودیە، لەبارەی ئەگەری گفتوگۆی واشنتن و تاران گوتی، واشنتن خواستی بۆ گفتوگۆ پێشان داوە، بەڵام ئێران دەیەوێت سەرەتا سزای لەسەر لابدرێت، بۆیە ئەوەش روو نادات. 

لای خۆیەوە ئەلیكس فاتنكا، توێژەر لە كاروباری ئێران لە پەیمانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە واشنتن گوتی، ئێران وەك رای گەیاند لە زیادكردنی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوام دەبێت بۆ دەستكەوتنی ئاسانكاری گەورە لە بەرانبەر ئەو كارەی، بۆیە ئێران هیچی نییە بیدۆڕێنێت كاتێك هەموو سزاكانی پێشتری بەسەردا سەپێنراوەتەوە، پێم وایە كە سەپاندنی سزای زیاتر لەلایەن ئیدارەی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران وای كردووە توندتر بێت و هەموو هەوڵێك بدات، ئەگەرچی خواستێكیش هەیە بۆ گفتوگۆكردن، بەڵام ئێران دەیەوێت سەربەرزانە بێتە ناو گفتوگۆ نەوەك بە ناچاری، بۆیە ئەمەریكا دەتوانێت بەشێك لە سزاكانی بوەستێنێت.

جەودەت بەهجەت، مامۆستای پێوەندی نێودەوڵەتی لە زانكۆی بەرگری نیشتیمانی لە واشنتن ئاماژەی كرد، سەرانی ئێران باش دەزانن كە سیسەتی گوشار كە ئیدارەی ئەمەریكا لەدژی ئەوان پێڕەوی دەكات بەرە بەرە رژێمی ئێران لاواز دەكات، سەرەڕای بەرهەڵستی فرەوانی ئەوروپا و رووسیا و چین بۆ سزاكانی ئەمەریكا، بەڵام كاریگەری گەورەیان هەبوو بۆ لاوازكردنی ئابووری ئێران و تەنانەت هەلی چاكبوونەوەی ئابوورییەكەیان بەمنزیكانە نەهێشت.

زیاتر گوتی، هەروەها هەوڵەكانی سەرانی ئێران بۆ پەرەسەندنی دۆخەكە تا رادەی زیانگەیاندن بە لایەنەكانی تر بۆ گوشارخستنە سەر واشنتن و گۆڕینی هەڵوێستی ئەنجامی باشی نەبوو، بەڵام سیاسەتی ئارامگرتنی ئێرانییەكان لە بەرانبەر سزاكان تا ئێستە شكستی نەخواردووە، بەتایبەتی كە ئەوان پێیان وایە دەتوانن كاریگەری بۆ سەر هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی 2020ی ئەمەریكا دروست بكەن كاتێك هەندێك پێیان وایە تاران تا كۆتایی فەرمانڕەوایی یەكەمی ترەمپ بەرگە دەگرێت، بەڵام چی دەبێت ئەگەر لە هەڵبژاردن بردییەوە، ئەوكات ئەستەمە لە سزاكان و توندكردنیان رزگاری ببێت. بۆیە پێشبینی ناكرێت رژێمی ئێران بتوانێت بەرگەی كاریگەری سزاكان ئەمەریكا بۆ پێنج ساڵی تر بگرێت.

ئەو شرۆڤەكارە ئاماژە دەكات، زیادبوونی رێژەی بێكاری و هەڵاوسان توڕەیی و بێزاری شەقامی ئێران زیاتر دەكەن و ئەوەش نەخوازراوە لای سەرانی ئەو وڵاتە، هاوكات ئەستەمە ئێران 12 خاڵەكەی مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا رای گەیاند، قبووڵ بكات، لە بەرانبەردا گەڕانەوەی ئەمەریكا بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی ئەویش ئەستەمە، بەڵام وەك هەردوولا دەڵێن دەرگای گفتوگۆ تەواو دانەخراوە، بەتایبەتی كاتێك ترەمپ مسۆگەری لە تاران دەوێت كە ناكرێت ببێت بە خاوەنی چەكی ئەتۆمی و بابەتەكانیتر دەكرێت چارەسەر ببن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل