هه‌وڵی جێگیركردن و ده‌رهێنانی فۆڕمی خۆراكیان بۆ ده‌درێت
نزیكه‌ی هه‌شت هه‌زار خێزانی عه‌ره‌ب به چه‌ند قۆناغێك هێنراونه‌ته كه‌ركووك و به‌شێكی زۆریشیان فۆڕمی خۆراكیان بۆ ده‌رهێنراوه و به دانیشتووی شاره‌كه جێگیر كراون. ئه‌م پرۆسه‌یه به‌رده‌وامه و هێز و لایه‌نه‌كانیش ڕای ده‌گه‌یه‌نن كه ئاساییبوونه‌وه‌ی كه‌ركووك تاكه چاره‌سه‌ری ئه‌و پرسه‌یه.
له دوای ڕووداوه‌كانی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر و نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی كورد له‌و پارێزگایه، ڕاكان سه‌عید جبووری پارێزگاری به وه‌كاله‌تی كه‌ركووك هه‌وڵی چڕوپڕی به هاوكاریی عه‌ره‌به‌كانی پارێزگاكه ده‌ست پێ كردووه بۆ گواستنه‌وه‌ی به‌رده‌وامی خێزانه عه‌ره‌به‌كان بۆ ناو كه‌ركووك. به‌پێی ئاماره‌كان، تا ئێسته نزیكه‌ی هه‌شت هه‌زار عه‌ره‌ب هاتوونه‌ته كه‌ركووك و پرۆسه‌كه‌یش به‌رده‌وامه.
كاكه‌ڕه‌ش سدیق به‌رپرسی نووسینگه‌ی ماده‌ی ١٤٠ له كه‌ركووك به"وشه"ی گوت، "نزیكه‌ی هه‌شت هه‌زار خێزان داوای ڕه‌زامه‌ندییان وه‌رگرتووه كه فۆڕمی خۆراكیان بگوازنه‌وه كه‌ركووك، مامه‌ڵه‌كه بۆ به‌شێكیان كراوه و به‌رده‌وامیشه."
به‌پێی زانیارییه‌كانی "وشه"، مامه‌ڵه‌ی گواستنه‌وه‌ی فۆڕم بۆ دوو هه‌زار و 600 خێزان ته‌واو كراوه و بۆ هه‌موو ئه‌وانی تریش ده‌كرێت.
سدیق گوتی، "ئێمه فۆڕمی هه‌موو ئه‌وانه‌مان لایه كه عه‌ره‌بی هارده‌ن و قبووڵ ناكرێ و فۆڕمی كه‌ركووكیان پێ نادرێت، به‌ڵام به‌شێكیان به‌هۆی هاوسه‌رگیری و شێوازی یاسایی و خزمه‌تی 10 ساڵ له شاره‌كه فۆڕمه‌كه‌ی ده‌گوازێته‌وه."
به‌شێكی ئه‌و خێزانه عه‌ره‌بانه‌ی هێنراونه كه‌ركووك، ئه‌و عه‌ره‌به هاوردانه‌ی سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عسن كه دوای ساڵی ٢٠٠٣ له چوارچێوه‌ی جێبه‌جێكردنی ماده‌ی ١٤٠دا ٢٠ ملیۆن دینار و زه‌وییان وه‌رگرت و گه‌ڕانه‌وه ناوچه‌كانی خۆیان، به‌شێكی تریش خه‌ڵكی ناوچه تازه ئازادكراوه‌كانی وه‌ك سه‌ڵاحه‌دین و دیاله و نه‌ینه‌وان.
جه‌مال شكور ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به"وشه"ـی ڕاگه‌یاند: ئه‌م كارانه ناده‌ستوورین له كه‌ركووك، چونكه شاره‌كه تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه. كه‌ركووك و ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان ماده‌یه‌كی ده‌ستوورییان هه‌یه به ناوی 140، ئێمه به‌پێی ئه‌و ماده‌یه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و كێشانه‌دا ده‌كه‌ین.
له‌باره‌ی هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و پرسه، شكور ده‌ڵێ "ئه‌گه‌ر ده‌ستوور له یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌و پرسه هه‌ستیاره‌دا سوودی نه‌بوو، له ڕێی ئه‌و به‌ڵگانه‌ی هه‌مانن له دادگای فیدڕاڵی‌دا سكاڵا تۆمار ده‌كه‌ین."
به‌جێهێشتن و به‌ده‌سته‌وه‌دانی كه‌ركووك و ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌شێكی یه‌كێتییه‌وه له ١٦ی ئۆكتۆبه‌ری ٢٠١٧ بۆ سوپای عێراق و حه‌شدی شه‌عبی، بۆ كورد و دانیشتووانی ئه‌و ناوچانه كاره‌ساتی به دوای خۆیدا هێنا و ئێسته‌یش كه‌ركووك و ئه‌و ناوچانه له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی گۆڕینی دیمۆگرافیدان.
وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق بڕیارێكی نوێی ده‌ركردووه كه هه‌موو كه‌سێك ده‌توانێ فۆڕمه‌كه‌ی له نێوان پارێزگاكاندا بگوازرێته‌وه و گومان له‌و بڕیاره‌ش ده‌كرێت كه به‌تایبه‌ت بۆ كه‌ركووك ده‌ركرابێت.
به‌رپرسی نووسینگه‌ی ماده‌ی ١٤٠ له كه‌ركووك ئاماژه‌ی به‌وه دا، "هه‌موو هه‌وڵێكمان داوه ئه‌و بڕیاره ڕابگرین، به‌ڵام وه‌زاره‌تی ناوخۆ وه‌ڵاممان ناداته‌وه".
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان له‌باره‌ی دانانی پارێزگارێك بۆ كه‌ركووك، ڕێككه‌وتوون و دانانی پارێزگارێكی كورد و پێكه‌وه كاركردنی یه‌كێتی و پارتی له‌و شاره‌دا به چاره‌سه‌ر و ڕێگری له‌و مه‌ترسییه ده‌زانرێت.
ئه‌ڵماس فازڵ ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك، باس له‌وه ده‌كات كه پێشتریش داوایان كردووه لیستی برایه‌تی ڕێك بكه‌ون و پارێزگارێك دابنێن تا ڕێگری له‌و كاره نایاساییانه بكه‌ن، به‌ڵام یه‌كێتی و پارتی ڕێك نه‌ده‌كه‌وتن.
ئه‌وه‌ش ده‌خاته ڕوو كه دانانی پارێزگارێكی كورد و ئاساییكردنه‌وه‌ی بارودۆخی كه‌ركووك، هه‌نگاوی یه‌كه‌مه بۆ ڕێگری له‌و ته‌عریبه نوێیه و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی به‌شێك له بڕیاره‌كانی ئه‌و ساڵانه‌ی كورد ده‌سه‌ڵاتی له شاره‌كه‌دا نه‌ماوه.