هه‌رچه‌نده شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش له عێراق به شێوه‌ی سه‌نگه‌ر له‌یه‌ك گرتن كۆتایی هاتووه و له سووریایش به‌ره‌و كۆتایی ده‌چن، به‌ڵام مه‌ترسییه‌كان ماون و كۆتاییان نه‌هاتووه، به‌ڵكوو ژیان له زۆربه‌ی سێكته‌ره‌كان له ناوچه‌كانی جه‌نگ په‌كی كه‌وتووه و جیا له‌وه‌یش كوشتن و مه‌رگ ماوه و به‌رده‌وامی هه‌یه.
دوو ساڵ به‌سه‌ر ئازادكردنی مووسڵ تێپه‌ڕی له‌لایه‌ن هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق، به‌ڵام تا ئێسته ڕووبه‌رێكی یه‌كجار گه‌وره و فره‌وانی ئه‌و شاره به وێرانه‌یی ماوه‌ته‌وه و هیچ كه‌س بوێری ئه‌وه‌ی نییه ڕووی تێ بكات، له ترسی پاشماوه‌كانی جه‌نگ و بۆمبی چێنراو، به‌وهۆیه‌وه تا ئێسته‌یش زۆرینه‌ی خه‌ڵكی مووسڵ نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه زێدی خۆیان و 500 هه‌زاریان ئێسته‌یش له كه‌مپه‌كانی نیشته‌جێی ئاواره‌كان له هه‌رێمی كوردستان نیشته‌جێن و ئاماده نین بگه‌ڕێنه‌وه شاره‌كه‌یان و له نێو پاشماوه‌ی جه‌نگ و داروپه‌ردووی به‌سه‌ر یه‌كدا ڕووخاوی خانووه‌كانیان ژیان بكه‌ن.
ڕێژه‌ی پاشماوه‌ی جه‌نگ به ماده‌ی ته‌قه‌مه‌نی و پاشماوه‌ی خانوو و باڵه‌خانه وێرانبووه‌كان له مووسڵ و ناوچه‌كانی تر كه له‌لایه‌ن داعشه‌وه ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیرا، هێنده زۆره كه به چه‌ند ساڵێك كاركردن و كۆشش ناتوانێ دۆخه‌كه وه‌كو پێشووی لێ بكرێته‌وه، هه‌رچه‌نده تیمه‌كانی مین هه‌ڵگرتنه‌وه و شاره‌زایان به‌رده‌وامن له گه‌ڕان و پشكنین بۆ پاككردنه‌وه‌ی ناوچه‌كان له بۆمبی چێنراو كه تیرۆریستان دوای خۆیان جێیان هێشتووه، به‌ڵام ئه‌مه‌یش كاتێكی زۆری پێویسته تا به ته‌واوی سه‌رجه‌م ناوچه‌كان پاك ده‌كرێنه‌وه.
شاره‌زایان دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه له مێژوودا هیچ جه‌نگێك هاوشێوه‌ی جه‌نگی داعش و تیرۆر شوێنه‌واری به‌دوای خۆی به‌مشێوه‌یه به‌جێ نه‌هێشتووه و هێنده بۆمب و ته‌قه‌مه‌نی له ناوچه‌كان جێ نه‌ماون، كه به‌وهۆیه‌وه پێشبینی ده‌كرێ هه‌زاران كه‌سی تر تووشی كه‌مئه‌ندامی و مه‌رگ ببنه‌وه، ئه‌گه‌ر به‌ر له گه‌ڕانه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی خه‌ڵكی، ناوچه‌كان پاك نه‌كرێنه‌وه.
خه‌ڵكی عێراق له ناوچه‌یه‌ك ده‌ژین كه لێوانلێوه له شه‌ڕ و ململانێ و وڵاته‌كه به ئاگر ده‌وره‌دراوه، له سووریا جه‌نگه و له باكور و ناوچه چیاییه‌كان شه‌ڕی كورد و توركیا له ڕۆژهه‌ڵاتی عێراق، جه‌نكی كورد و ئێران، له باشوور ئێسته مه‌ترسی هه‌ڵایسانی جه‌نگێكی تر له نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران هه‌یه و له ڕۆژئاوایش سووریا به ته‌واوی وێران بووه و ده‌یان گرووپی چه‌كداری تێدایه و كه هه‌موو ئه‌وانه وایان كردووه هیچ كات عێراق به ته‌واوی سه‌قامگیر نه‌بێت.
به گوێره‌ی ڕووپێوه‌كان ته‌نیا شاری مووسڵ پێویستی به ده‌یان ساڵ هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی به ته‌واوی له بۆمبی چێنراو و بۆمبه نه‌ته‌قیوه‌كان پاك بكرێته‌وه و به ته‌واوی شوێنه‌واری جه‌نگی له‌سه‌ر نه‌مێنێت، به‌وهۆیه‌وه ئه‌و خه‌ڵكه‌ی ئێسته گه‌ڕاونه‌ته‌وه مووسڵ، ڕۆژانه به‌ر بۆمبی چێنراو و ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبه نه‌ته‌قیوه‌كان ده‌كه‌ون، تووشی مه‌رگ یان له ده‌ستدانی ئه‌ندامانی جه‌سته‌یان ده‌بنه‌وه و كه‌مئه‌ندام ده‌بن.
ئه‌وه‌ی جێی نیگه‌رانییه، زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ی ده‌بنه قوربانی بۆمبه چێنراوه‌كان له چینی منداڵانن، كه تازه ده‌ست به ژیان ده‌كه‌ن و داهاتووی هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كن، چونكه ئه‌وان تا ئێسته له ژیانی پڕ له جه‌نگ و ڕقی نێوان مرۆڤه‌كان نه‌گه‌یشتوون و هه‌ر دیمه‌نێكی ڕه‌نگكراو و جوان ده‌بینن، بۆی ده‌چن و سه‌ره‌نجامیش ئه‌و دیمه‌نانه‌ی جێی سه‌رنجه بۆمبی چێنراوه و پێیاندا ده‌ته‌قێته‌وه، به‌مشێوه‌یه یان گیان له ده‌ست ده‌ده‌ن، یان به ته‌واوی ژیانیان وێران ده‌بێ و تا ماون له‌سه‌ر كورسییه‌ك داده‌نیشن.
كێشه‌كه هه‌ر ئه‌مه نییه، جیا له زۆری بۆمبی چێنراو و زۆربوونی ڕێژه‌ی قوربانیان و كه‌مئه‌ندامبوونی ژماره‌یه‌كی زۆری گه‌نج و منداڵ و هاووڵاتییان، كه‌چی به‌هۆی نه‌بوونی سیسته‌مێكی ته‌ندروستی پێشكه‌وتوو بۆ دروستكردنی په‌لی ده‌ستكرد و چۆنیه‌تیی ژیاندن و ڕاهێنانه‌وه‌ی كه‌مئه‌ندامان له نێو كۆمه‌ڵگا، به ته‌واوی له رووی ده‌روونی و ته‌ندروستییه‌وه ژیانی كه‌مئه‌ندامان وێران ده‌بێ، هه‌موو هیواكانیان بۆ ژیان له گۆڕ ده‌نرێت، به‌شێك له كه‌مئه‌ندامان ماوه‌ی زیاتر له ساڵێكه چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ن په‌لی ده‌ستكردیان پێ بگات و هه‌ر چۆنێك ئه‌گه‌ر توانای ڕۆیشتن و گرتنی شته‌كانیشیان به ده‌ست نه‌بێ، له ڕووی ده‌روونییه‌وه بوونی په‌لی ده‌ستكرد تۆزێك هیوایان بۆ دروست ده‌كاته‌وه و وا ده‌كات چیتر هه‌ست به ناته‌واویی نه‌كه‌ن.
په‌یامنێری
ڕۆیته‌رز كه سه‌ردانی مووسڵی كردووه و له ناوچه‌كه خه‌ڵكی دواندووه ده‌ڵێ، ته‌نیا له نه‌خۆشخانه‌ی شیفا كه ده‌كه‌وێته به‌ری ڕۆژئاوای مووسڵ هه‌زار و 500 بۆمبی چێنراو دۆزراوه‌ته‌وه و شاره‌كه به هیچ شێوه‌یه‌ك به كه‌ڵكی ژیان نه‌ماوه، بۆیه خه‌ڵكه‌كه‌یشی مانه‌وه‌یان له كه‌مپه‌كان هه‌ڵبژاردووه، نه‌ك گه‌ڕانه‌وه بۆ شارێك كه ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه له هه‌ر چركه‌یه‌ك ببن به قوربانی و تووشی مه‌رگ ببنه‌وه.