پێشانگەی هەلی كار لە هەولێر دەكرێتەوە

:: AM:09:31:13/07/2019 ‌
بڕیارە دوو ڕۆژی داهاتوو پێشانگای هەلی كار لە هەولێر بكرێتەوە و خاوەن كۆمپانیایەكیش ئاشكرای دەكات، بەشی زۆری كێشەی كارمەندی كوردستان نەزانینی زمانی بیانییە.

ئەمڕۆ شەموو 13ـی تەمووز، ڕامیار تۆفیق خاوەن كۆمپانیای ڕێكار بۆ هاوردەكردن بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، كردنەوەی پێشانگای هەلی كار پێویستە بۆ هاووڵاتییان و ئەو كەسانەی بەدوای كاردا دەگەڕێن یان ئەو خاوەن كارانەی بەدوای كەسی شیاو دەگەڕێن.

زیاتر ڕوونی دەكاتەوە، پێشانگای نێودەوڵەتی كاری ڕوانگە پێویستە، چونكە تاكە كێشەی ئێمە لە وەرگرتنی فەرمانبەر كێشەی زمانە، بۆیە پێویستە ئەو پێشانگایانە بكرێـنەوە.

ئاشكرای كرد، لە 15 و 16ـی تەمووزی ئەم مانگە واتا رۆژی دووشەم لە سەعات 10ـی بەیانی تا شەشی ئێوارە لە شوێنی پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر پاركی سامی عبدولڕەحمان زیاتر لە هەزار و 500 هەلی كار بڵاو دەكرێتەوە.

باسی لەوەش كرد، ژمارەیەكی زۆری كۆمپانیا بەشدارن لە سەرانسەری دنیا كە 14 وڵاتن وەك كۆریا و كوێت و لبنان  و ئینگلتەرا و ئەڵمانیا و فڕەنسا و دانیمارك و سوید و ئیماڕات و سویسڕا و ئەمەریكا و كەنەدا و كوردستان و عێراق.

كردنەوە پێشانگای هەلی كار ساڵانە لە هەولێر سەتان هەلی كار بۆ گەنجان و دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگەكان دابین دەكات.



وشە - رامیار جەواد