مەهدی ئومێد: خەونی من ئەوەیە سینەمای کوردی شوناسی خۆی هەبێت

:: AM:10:07:13/07/2019 ‌

مەهدی ئومێد دەرهێنەر و سینەماکار باس لە ئەزموونی کاری سینەمایی خۆی دەکات و دەڵێ، بڕیار بوو فیلمێک لەبارەی کەرکووکەوە دروست بکەم، بەڵام لە وەزارەت بودجەکەیان بۆ خەرج نەکردم.

ئەمڕۆ شەموو 13ی تەمووز، مەهدی ئومێد دەرهێنەر و سینەماکار بە "وشە" ی ڕاگەیاند، لە فیلمی تونێلدا بە نینۆکەکانم تونێلێکم هەڵکەند، بیرەوەرییەکانی ئەم کاتە زۆر ئازارم دەدەن، بەڵام سەربەرزم چونکە فیلمی تونێلوێنەیەکی بارزانی نەمری تێدا بوو، لەسەر ئەم وێنەیە تووشی کارەسات بوومەوە، ئەم فیلمە مێژووییە، بەڵام پارتیش بایەخی پێ نەدا، کەچی لە مۆسکۆ داوایان کرد وەک فیلمێکی رووسی بۆ میهرەجانەکانی بنێرم، بەڵام من ئەوەشم نەکرد چونکە ویستم سینەمای کوردی ناوی خۆی هەبێت، ئەم فیلمە سەپتایتڵی ئیگلیزی و فەرەنسی هەبوو ئێستا نەماوە، پێویستە لە دەزگاکانی تاران بە دیجیتاڵی وەریگێڕیت کە خەرجی زۆری دەوێت.

مەهدی ئومێد ماوەیەکە هیچ بەرهەمێکی سینەمایی ئەوتۆی بڵاو نەکردووەتەوە و لەبارەی کاری نوێی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، لەکاتی تەنگژەی دارایی بودجەیەکم بۆ تەرخان کرا فیلمێکی تر دەربارەی کەرکووک درووست بکەم، بەڵام پارەکە خەرج نەکرا.

ئەو سینەماکارە بەبۆنە پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم پیرۆزبایی لە سەرۆک وەزیران دەکات و داوا لە حکوومەت و سەرۆکایەتی هەرێم دەکات بایەخ بە بواری کولتوور بدەن و دەڵێ، ڕۆشنبیری بەرز میللەتێکی سەردەمیانەی ژیر درووست دەکات، بۆیە دەبێ سەرکردایەتی بایەخی تەواو بەم لایەنەبدەن.

مەهدی ئومێد بە ڕەچەڵەک ڕەواندزییە و خەڵکی شاری کەرکووکە، لە سلێمانی و هەولێر ژیاوە و ئێستا لە ووڵاتی سوید نیشتەجێیە، پێشمەرگە بووە و لە دوا ڕۆژەکانی ئێزگەی دەنگی کوردستان لە نسکۆی شۆڕش بریندار کرا، ماستەر و دکتۆرای لە دراماتۆرگ و سینەما لە مۆسکۆ خوێندووە، لە ساڵی 2000 گەرایەوە کوردستان و بناغەیەکی سەرەتایی بۆ سینەما دامەزراند.

هەولێر/ گەرمیان گلی



وشە - هیدایه‌ت جان