بازرگانان بۆ وەرگرتنی رەگەزنامە روو لە توركیا دەكەن

:: AM:11:15:13/07/2019 ‌

حكوومەتی توركیا ئامارێكی نوێی لەسەر وەبەرهێنانی بیانی لە وڵاتەكەی بە ئامانجی وەرگرتنی رەگەزنامە بڵاو كردەوە و ئامارەكەش دەری دەخات ژمارەی ئەو وەبەرهێنەرانەی لە وڵاتە جیاجیاكانی دنیاوە روو لە توركیا دەكەن زیادی كردووە.

وەبەرهێنانەكە دوای ئەوە زیادی كرد كە حكوومەتی توركیا مەرجی ئەوەی دەستنیشان كرد ئەو كەسانەی بە بڕی یەك ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان بكەن، ئەوا رەگەزنامە و پاسپۆرتی توركیایان پێ دەدرێت. ساڵی رابردوو توركیا مەرجەكەی بۆ 250 هەزار دۆلار دابەزاند كە دەكاتە 25 دەفتەر و بەمەش وەبەرهێنەری زیاتر روویان لە توركیا كرد.

بەپێی نوێترین ئاماری توركیا لە ئەیلوولی ساڵی رابردووەوە تا ئێستە دوو هەزار و 700 بازرگان و وەبەرهێنەر چوونەتە توركیا كە لەم ژمارەیە 981 كەسیان رەگەزنامەی توركیایان پێ دراوە.

بەگوێرەی "دۆیچەوێلێ" یەك لە سەر چواری ئەوانەی رەگەزنامەی توركیایان وەرگرتووە ئێرانین، هاوكات 143 كەس لە هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی كوردستان رەگەزنامەی توركیایان وەرگرتووە. 97 یەمەنی، 94 ئەفغانی، 59 سووری، 58 فەلەستینی، 57 ئوردنی، 45 میسڕی,، 21 چینی، 16 ئازەربایجانی و شەش ئەمەریكی توانیویانە رەگەزنامەی توركیا وەربگرن.

دابەزینی نرخی لیرە لە بەرانبەر دۆلار لە گرنگترین ئەو هۆكارانە هەژمار دەكرێت كە وایكردووە وەبەرهێنەران روو لە توركیا بكەن. جگە لەمە پێدانی مافی هاووڵاتیبوون بە هەندێك مەرج كە بۆ زۆربەی وەبەرهێنەران مەرجی قورس نین بە هۆكارێكی تری رووتێكردنی وەبەرهێنەران بۆ توركیا هەژمار دەكرێت.
سلێمان



وشە - سلێمان تاشان