پەرلەمانتارێک: بە بەڵگەوە دەیسەلمێنم سێوان سوتێندراوە

:: PM:02:33:13/07/2019 ‌
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان كۆمەڵێك بەڵگە لەسەر كەیسی سێوان قادر بڵاو دەكاتەوە و ئاشكرای دەكات، تاوانی سووتانی سێوان قادر و سێ منداڵەكەی بەلاڕێدا دەبرێ.
 
ئەمڕۆ شەموو 13ـی تەمووز، سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی كوردستان كۆمەڵێك بەڵگەی نوێی لەسەر سووتانی كەیسی سێوان قادر بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە، كەیسەكە تەداخولی تێدایە و تۆمەتبارێك ئازاد كراوە و لێكۆڵینەوەكانیش وەك پێویست نەبوون.

ئەو ئەندام پەرلەمانە ڕوونی كردووەتەوە، كەیسی سێوان قادر كە سووتانی دایكێك و سێ كۆرپەی بوو، ڕووداوێكی ئاسایی نەبوو، سەرەتا پشتیوانی دۆسیەكە زۆر بوو، لایەنە پێوەندیدارەكان بەڵێنی لێكۆڵینەوەی وردیان دا، بەڵام پاش ماوەیەكی زۆر كەسێك كە لە دۆسێكەدا كە سكاڵای لەسەر بوو لە قۆناغی لێكۆڵینەوەدا ئازاد كرا، بەڵگەی تاوانیش پاش سێ‌ هەفتە بەسەر ڕووداوەكەدا دەچێتە شوێنە تاوانەكە و لە ڕاپۆرتەكەیدا ئاماژە بەوە دەكات هاوسەری سێوان نەیسووتاندوون لەكاتێكدا دادگا داوای بەڕێوەبەری بەڵگەو تاوانی سلێمانی دەكات لەسەر ئەو بڕیاردانەی پێش لێكۆڵینەوەو دادگا! بەڵام ئامادە نابێ بچێتە بەردەم دادوەر.

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەش كردووە، لە هەمووی سەیرتر ئەو تۆمەتبارەی كە لە لێكۆڵینەوەدا ئازاد دەكرێ گومانی گەورەی خستۆتە سەر لێكۆڵینەوەكانی دۆسێكە، بەپێی ئەوەی زۆرترین گوشار دەكرێ بۆ ئازادكردنی ئەو تۆمەتبارە كە ژنێكە و سكاڵای لەسەر تۆمار كراوە و بەهۆكاری ئەم كارەساتە تۆمەتبارە سێوان قادریش پێش گیان لەدەستدانی ئەوە ئاشكرا دەكات، هاوسەری سێوانیش چەند ڕۆژێك پێش ڕووداوەكە هەڕەشەی كوشتنی لێ دەكات.

ئەوەشی باس كردووە، ئەوەی دادگا و لێكۆڵینەوەكان دەخاتە ژێر پرسیار و گومانی گەورە ئەوەیە لە لێكۆڵنەوەدا تۆمەتبارێك كە بەهۆكاری كێشەكە ناوزەد دەكرێ و سكاڵای لەسەرەو لە تەواوی ڕووداوەكەدا ئاگەدارە سەرەڕای ئازادكردنی لە تەمیزی بڕیارەكەدا دۆسێكەی دادەخرێ و تەدەخولەیە كە كراوە بۆ ئازادبوونی ئەو تۆمەتبارە، بۆیەش بڕیاری گواستنەوەی كەیسەكە درا لە چەمچەماڵەوە بۆ سلێمانی.

لە كۆتاییدا ئەوەشی ڕوون كردووەتەوە، بەڵگەكان بەردەستن لە تۆماری كامێرای چاودێری ئەو گەڕەكە نیشانی دەدات ئەم تاوانە بەرنامە بۆ داڕێژراوە، بۆیە كاتێك هاوسەری سێوان دێتەوە دەستبەجێ عەرەبانەی منداڵە ساواكەیان دەشكێنێ و دەیسووتێنێ، پاشان قورئانەكەی دەسووتێنێ، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا چەندان جار لە كۆڵانەكەدا لە سێوان دەدات، تا ئەوكاتەی دەبە نەوتەكە دێنێتە دەرەوە دەیكات بە شتەكاندا تا بەتەواوی بسووتێن پەلاماری سێوان دەداتەوە و دەبە نەوتەكە لەسەر سەری ڕادەگرێ وەك هەڕەشەی سووتاندن دواتر لە ئەژنۆی دەدات و شەلی دەكات.





















وشە - رامیار جەواد