لە رێی خۆراكەوە گلوكۆزی خوێن كەم دەبێتەوە

:: PM:04:53:13/07/2019 ‌
ئەگەر گومانی دەركەوتنی نەخۆشیی شەكرەی جۆری دووەمیت هەیە، ئەوە پێویستە ئاستی گلوكۆز لە خوێنتدا ئاسایی بكەیتەوە. مەرج نییە ئەگەر گلوكۆزی خوێنت بەرز بوو ئەگەری تووشبوونت بە شەكرەی جۆری دووەمی هەیە. بەڵام  بەرزبوونەوەی گلوكۆز كاریگەری هەیە لەسەر تەندروستی لەش بە گشتی. بۆیە پێویستە ئاستی گلوكۆز بە وریایەوە سەیر بكرێت بۆ ئەوەی لەش تووشی گرفت نەبێتەوە. ئەگەر كێشت زۆرەو قەڵەویت پێویستە بەردەوام راهێنان بكەیت بۆ ئەوەی كێشت ئاسایی ببێتەوە و مەترسی شەكری جۆری دووەمی لە لەشدا كەم ببێتەوە ئەگەر كێشی لەش كەم بكرێتەوە ئەوە بەرگری ئەنسۆلین باشتر دەبێت.

جگە لە خواردنی ژەمی دروست پێویستە گرژی هێڵی كەمەرەی كەم بكرێتەوە ئەگەر بتەوێت ئاستی گلوكۆز لە خوێنتدا كەم ببێتەوە، ئەوە پێویستە ئەو خۆراكانە بخورێت كە باشن بۆ نزمكردنەوەی گلوگۆز بەم شێوەیەش رێ لە دروستبوونی شەكرەی جۆری دووەمی دەگرێت.

یەكەم: چەوری ماسی، وەك ماسی سەلەموون و ماسی دەریا و توونە و سەردین ئەمانە چەند جۆرێكن لە ماسییە چەورەكان یارمەتی كەمكردنەوەی بەرگری ئەنسۆلین دەدەن و لەش لە نەخۆشیی شەكرە و مەترسییەكانی بەرزبوونەوەی  شەكرە دەپارێزێت. بڕێكی باش چەوری ئۆمێگا3 تێدایە كە جۆرێكە لە ترشی چەوری باشە بۆ جومگەكان و دڵ و مێشك.

دووەم: چەرەزات و تۆوەكان، بڕی باشی ئەنسۆلین دەتوانرێت لە لەشدا رێكبخرێت بەهۆی بوونی چەرەزاتە جۆراوجۆرەكانەوە كە بڕێكی باش ترشی چەوری تێدایە وەكو گوێز و باوی، بندوق، گوێزی بەرازیلی و كاشوو. هەروەها تۆوەكان سەرچاوەیەكی نایابن بۆ ترشی چەوری وەك تۆوی كەتان و تۆوی كونجی و تۆوی گوڵەبەڕۆژە و تۆوی كوولەكە كە بڕێكی باش ئۆمێگا 3 بە لەش دەبەخشن و بەم شێوەیە رێژەی ئەنسۆلین لە لەشدا كەم دەكەنەوە.

سێیەم: سەوزە پڕ گەڵاكان، ئەگەر بتەوێت لەشت بەبێ‌ زیان بمێنێتەوە ئەوە هەمیشە سەوزە پڕ گەڵاكان بخۆ، چونكە پڕن لە ریشاڵ كە كۆڵیسترۆڵی خراپ لە لەشدا كەم دەكەنەوە و رێ لە گیران و بەرهەڵستی خوێنبەرەكان دەگرێت تائاستێكی زۆر مەترسییەكانی نەخۆشیی دڵ و جەڵتە كەم دەكاتەوە.

چوارەم: دانەوێڵە، رەنگە واتبیستبێت كە خواردنی كێك و كولێرە و نان  خراپە بۆ ئەو كەسانەی كە شەكرەی جۆری دووەمیان هەیە، بەڵام لە راستیدا بەسوودە  بۆ ئەو كەسانەی كە نەخۆشی شەكرەیان هەیە چونكە بڕێكی باش كاربۆهیدراتی باشی تێدایە و پڕن لە ریشاڵ  كە زۆر بەسوودە بۆ هێشتنەوەی گلوكۆز.

پێنجەم: سیر و پیاز، سیر و پیاز رێ لە بەرزبوونەوەی ئاستی گلوكۆز دەگرێت و رێ لە بەرزبوونەوەی شەكرەی جۆری دووەمی دەگرێت. زۆر پێویستە كە لە ژەمە خۆراكییەكاندا هەیە چونكە بڕێكی باش پێكهاتەی گرنگی تێدایە كە پارێزگاری لە گلوكۆز دەكات.



وشە - ئاوات ئازاد