بەسڕاییەكان: پارێزگاكەمان لەلایەن پارتە سیاسییەكانەوە وێران كراوە و خنكێنراوە

:: PM:07:04:13/07/2019 ‌

لەگەڵ هاتنی وەرزی هاویندا ناڕەزایەتییەكانی بەسڕە زیاتر دەبێت، چاوەڕوان دەكرا ئەم هاوینەش بە هاوشێوەی ساڵی رابردوو خۆپێشاندانی فرەوان بەخۆیەوە ببینێت، ئەمڕۆ لیژنەی خۆپێشاندانەكانی بەسڕە رەتی كردەوە كە بەشداری لە خۆپێشاندانێك بكەن كە تیایدا چەند لایەنێكی سیاسی دەیانەوێت ناكۆكی لەسەر بەرژەوەندییەكان یەكلا بكەنەوە و جەماوەری ناڕازی بەكار بێنن.

شێخ رائید فرێجی، سەرۆكی ئەنجوومەنی هۆزەكانی بەسڕە ئەمڕۆ شەموو بە"وشە"ی راگەیاند، سەبارەت بە خۆپێشاندانەكانی لە بەسڕە بەڕێوە دەچوون، سەربەخۆ بوون و لایەنگیری هێزە سیاسییەكانیان رەت دەكردەوە، هەروەها نەیاریان تیادا بوو بۆ حكوومەت، چونكە كۆی پڕۆسەی سیاسی لە عێراق جگە لە گەندەڵی و دزی و بەهەدەردانی سامانی گشتی چیتری نەهێنا، لە رێگەی ئەو پرۆسە سیاسییەوە گەلی عێراق دووچاری هەموو جۆرێك ستەم هاتەوە، بەڵام ئەوەش لێرە و لەوێ و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان باسی لێوە دەكرێت لە سازكردنی خۆپێشاندان، ئەوانە دەچنە چوارچێوەی ململانێی بەرژەوەندییەكان و هەر هێز و فراكسیۆنێك داوای بەرژەوەندی خۆی دەكات و ئەوان نە گەل و نە هاووڵاتیان لا گرنگە.

زیاتر گوتی، ئەو درووشمانەی لێرە و لەوێ بەرز دەكرێنەوە بریتین لە فرتوفێڵ و بەسەر خەڵكێكی هەژاردا تێپەڕ دەبێت، بۆیە راستییەكەی ئەوەی هەیە بریتییە لە بوونی جەنگێك بەتایبەتی لە نێوان پاریبَزگاری بەسڕە و رەوتی حیكمەی نیشتیمانی كە تا ئێستە بەردەوامە، بۆیە وەك خەڵكی بەسڕە رەتی دەكەینەوە بەشداری لە خۆپێشاندانەكانی لەو چوارچێوە بانگەشەی بۆ دەكەن، بكەین كە خۆپێشاندانی حزبی و جەنگی بەرژەوەندییەكان و یەكلاكردنەوەی مالملانێی سیاسییە لە نێوانیاندا.
فرێجی لەبارەی دۆخی ئێستەی خەڵكی بەسڕە لە سایەی خراپیی دۆخەكەوە دەڵێت، بەڵێ ئێستە لە بەسڕە خراپی لە خزمەتگوزارییەكان هەیە، بێكارییەكی زۆر هەیە و كەموكوڕی زۆر لە خزمەتگوزاری و دامەزراوەی تەندروستی و دابینكردنی دەرمان هەیە و لە فەرمانگەی خانەنشینی خەڵك نەهامەتی هەیە، تا ئێستە ئەو كێشانە و كێشەكانیتریش چارەسەریان بۆ نەكراوە، بەڵام خەڵكەكە چی بكات، ئەگەر بەشداری خۆپێشاندانەكانی ئەمڕۆ بكات، لەسەر رەوتی حیكمەی نیشتیمانی حسێب دەكرێت و دەبێتە خۆپێشاندانی سیاسی و هیچ داواكارییەكی خەڵك جێبەجێ نابێت.

دووپاتی كردەوە، بۆیە بڕیارمان داوە كەی خۆپێشاندانی ئەو هێزە سیاسییە كۆتایی دێت، ئەوكات ئێمە خۆپێشاندان ساز دەكەین، واتە سەربەخۆ و جەماوەری، پارێزگاری بەسڕە چەندان بەڵێنی بە خەڵكەكە دا، بەڵام هیچی جێبەجێ نەكرد، بۆیە كەمتەرخەمی لە كارەكانیدا هەیە، بەڵام ئەگەر بەشداری بكەین لە خۆپێشاندانەكانی دژی پارێزگار دەبێتە خۆپێشاندانی سیاسی، بۆیە خۆمان بەدوور گرتووە.

سەرۆكی ئەنجوومەنی هۆزەكانی بەسڕە روونی كردەوە، سەبارەت بە هەرێمی بەسڕە تا ئێستەش كار بۆ جۆشدان و ئامادەكردنی شەقام و خەڵك دەكەین بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام حكوومەت باسی ئەوە دەكات كە شارۆكەی زوبێر بكرێتە پارێزگای سەربەخۆ، واتە بەسڕە دابەش بكرێت، بۆیە بەو شێوەیە لە پڕۆژەی هەرێمی بەسڕە دەدەن، لە رووی یاساییشەوە هیچ پێشوەچوونێك نییە و پرسەكە لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە نەگەیشتووەتە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانەوە، سەرەڕای رەزامەندی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسڕە لەسەر پرسەكە، بۆیە حكوومەتی فیدراڵ هۆكاری سەرەكییە لە نەهامەتییەكانی خەڵاكی بەسڕە، بۆیە وای دەبینین كە دروستبوونی هەرێم لە بەرژەوەندی بەسڕاییەكانە بەو پێیەی بڕیارەكان دەبنە هی خەڵكی بەسڕە، واتە لە بڕیارەكانی بەغدا رزگار دەبین. 

ئەو شێخە دووپاتی كردەوە كە جیا لە فەرامۆشكردنی لەلایەن حكوومەتەوە، بەسڕە لەلایەن پارتە سیاسییەكانەوە وێران كراوە و خنكێنراوە، و ئەوان دەستیان بەسەر سامان و داهاتەكانیدا گرتووە و تەنانەت ئەوان ئەو شتەیان لەسەر هەموو عێراق سەپاندووە، بۆیە وەك خەڵكی بەسڕە بوارێكمان دەوێت بۆ هەناسەدان لە رێگەی خۆپێشاندانەكانەوە، بەڵام بەداخەوە كاتێك ناڕەزایەتی دروست دەبێت، لێرە و لەوێ قسەیان بۆ هەڵدەبەستن بەوەی تیرۆریست و تێكدەر و بەعسین و چەندان تۆمەتی تر، جیا لە فەرمانەكانی لە دادگا دەردەچێت و خەڵك دەگرن و بە گولە و چەندان جۆری تر رووبەڕووی دەبنەوە.
   
لای خۆیەوە حوسێن باهز ئەیووبی، بەرپرسی لیژنەی ئامادەسازی خۆپێشاندانەكانی بەسڕە لەو بارەوە دەڵێت، رێگە نادەین رەوتی حیكمەی نیشتیمانی ناكۆكییەكانی خۆی لەگەڵ ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسڕە لە رێگەی خۆپێشاندەرانەوە یەكلا بكاتەوە كە خۆیان هێنایان و ئێستەیش لێیان هەڵگەڕاوەتەوە.

ئەیووبی، عەمار حەكیم بە هەوڵی سووتاندنی بەسڕە تۆمەتبار دەكات لەپێناو گەیشتن بە بەرژەوەندییەكانی خۆی نەوەك لەپێناو گەیشتن بە مافی خەڵكی بەسڕە، بۆیە هۆشداری دا لەخستنە مەترسی ئاسایش و سەلامەتی خەڵكی بەسڕە لەپێناو بەرژەوەندی كەسی، لەو كاتەی رەوتەكەی عەمار حەكیم ئەمڕۆ شەموو داوای ئەنجامدانی خۆپێشاندانێكی ملیۆنی لە بەسڕە لە هەینی داهاتوو كرد.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل