ژنێك گیانی لە دەست دا و دوو كەسی تریش بریندار بوون

كەمێك پێش ئێستە لەسەر رێی گشتی نێوان زاخۆ و دێرەبوون بەهۆی رووداوێكی هاتوچۆوە، ژنێك گیانی لە دەست دا و دوو كەسی تریش بریندار بوون، بەپێی داتاكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی دهۆك، رۆژانە لە سنووری پارێزگای دهۆك دوو بۆ سێ كەس دەبنە قوربانی رووداوەكانی هاتوچۆ.

ئازاد تەها بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆی دهۆك بە "وشە"ی راگەیاند، كەمێك پێش ئێستە بەهۆی رووداوێكی هاتوچۆ لەسەر رێی گشتی نێوان زاخۆ و ناوچەی دێرەبوون سێ كەس بوونە قوربانی.

زیاتر روونی دەكاتەوە، یەكێك لە قوربانییەكان‌ ژنە و دەستبەجێ لە شوێنی رووداوەكە گیانی لە دەست داوە، ئەوانی تریش بریندار بوون و بۆ نەخۆشخانەی فریاكەوتنی زاخۆ رەوانه ‌كراون، ئەو رووداوە بەهۆی ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگرەوە بووە كە ئەو ژن و منداڵانەی خستووەتە ژێرەوە.

بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی دهۆك دووپاتی دەكاتەوە، پۆلیسی هاتوچۆی ناوچەكە دەستی كردووە بە لێكوڵینەوە لەو رووداوە بۆ ئەوەی هۆكاری سەرەكی رووداوەكە تۆمار بكرێت.

بەپێی داتاكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی دهۆك، ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای دهۆك زیاتر لە 450 رووداوی هاتوچۆ روویان داوە و لە ئەنجامدا زیاتر 560 كەس بوونەتە قوربانی، لەوانە  50 كەس گیانیان لە دەست داوە، واتە رۆژانە دوو بۆ سێ كەس دەبنە قوربانی رووداوەكانی هاتوچۆ.

زاخۆ/ نەوزاد هلۆری


وشە - هیدایه‌ت جان


PM:12:18:14/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 2736 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌