به‌گوێره‌ى ئه‌و سه‌رچاوه مێژووییانه‌ى له‌باره‌ى چیرۆكى نوێى كوردى نووسراون، حه‌فتا و هه‌شتاكانى سه‌ده‌ى رابردوو، ماوه‌یه‌كى زێڕین بوو بۆ ژانرى چیرۆك له ئه‌ده‌بى كوردیدا، له‌و ماوه‌یه‌دا وێڕاى ئه‌وه به‌شێوه‌ى هه‌فتانه و مانگانه چه‌ندان چیرۆك له گۆڤار و رۆژنامه‌كان بڵاو ده‌كرانه‌وه و له شێوه‌ى كتێبیش كۆمه‌ڵه چیرۆك چاپ ده‌كران. ته‌نانه‌ت بوارى ره‌خنه‌ی چیرۆكیش شانبه‌شانى گه‌شه‌كردنى چیرۆك گه‌وره ده‌بوو، له‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌ڕووى تیۆرییه‌وه باس له ته‌كنیكه‌كانى چیرۆك ده‌كرا و چه‌ندان توێژینه‌وه و كتێب له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته بڵاو كراونه‌ته‌وه.
یه‌كێك له‌و ناوانه‌ى ئه‌م سه‌رده‌مه شێرزاد حه‌سه‌ن بوو. هه‌رچه‌نده شێرزاد حه‌سه‌ن له ماوه‌ى ئه‌و 40 ساڵه‌ى رابردوودا له گه‌لێك بوار ناسراوه وه‌ك بوارى وه‌رگێڕان و رۆماننووسى. كه‌چى هه‌ڵه نین ئه‌گه‌ر بڵێین سه‌ره‌تاى ده‌ركه‌وتنى شێرزاد وه‌ك چیرۆكنووس بووه و ته‌نانه‌ت چیرۆك ناسنامه‌ى سه‌ره‌كى ئه‌و بووه. هۆكاره‌كه‌یش ئه‌وه بووه، شێرزاد له ساڵانى هه‌شتاكانى سه‌ده‌ى رابردوو دوو كۆمه‌ڵه چیرۆكى بڵاو كرده‌وه، هه‌ردووكیان به یه‌ك شێواز نووسراون، ئه‌وانیش "ته‌نیایى" و "گوڵى ره‌ش"ن.
له‌م دوو كۆمه‌ڵه چیرۆكه چه‌ند شتێك هه‌ن، وا ده‌كه‌ن ئه‌م چیرۆكانه‌ى ناو ئه‌م دوو كتێبه له چیرۆكه‌كانى سه‌رده‌مى خۆیان جیا بكرێنه‌وه، له‌وانه "زمانى نووسین" و"ته‌كنیك" و "ناوه‌ڕۆك".
له‌باره‌ی زمانى نووسین، زمانێكى شیعرى به‌سه‌ر چیرۆكه‌كانى "ته‌نیایى" و "گوڵى ره‌ش" زاڵه، مه‌به‌ست له "زمانى شیعرى" ئه‌وه‌یه ئاستى وه‌سفكردن به‌رزتره له‌وه‌ى ته‌نیا وه‌سفكردنێكى ساده بێ بۆ گێڕانه‌وه‌ى رووداوه‌كان، به‌و واتایه‌ى ئه‌و زمانه‌ى له‌م دوو كۆمه‌ڵه چیرۆكه به‌كار هاتووه، هه‌ندێك جار له‌ڕووى ره‌وانبێژییه‌وه هه‌مان ئه‌و زمان و موزیكه له‌خۆ ده‌گرن كه له زمانى شیعردا هه‌یه.
بۆ نموونه چیرۆكى "گوڵى ره‌ش" به‌مشێوه‌یه ده‌ست پێ ده‌كات "هێرۆ هه‌بوویت، بۆ دابه‌ش بوویت، هێرۆ ون بوویت ته‌واو نه‌مایت و نیت.
ده ده‌ى ئه‌م په‌نجه‌ره‌یه بكه‌ره‌وه.. گوڵه مۆره‌كانى ناو هه‌ردوو ئینجانه‌كه ئاو بده، خه‌مى منیش، ترسى جودایى بڕه‌وێنه‌وه، له‌سه‌ر ئه‌م بانه نیمچه ته‌پیوه‌دا وشك بووم، چاوه‌ڕوانى و تاسه‌ى رووه جوانه‌كه‌ت په‌كیان خستووم. ده وه‌ره ناو بالكۆنه‌كه و سه‌رێ خوار كه‌وه.. وه‌ك خۆرى هاوینى ئیمڕۆ ئێواره ده‌ركه‌وه و ئیتر ون به‌و مه‌یه‌ره‌وه. تامه‌زرۆتم هێرۆخان".
هه‌روه‌ها له چیرۆكى "له‌ودیو ده‌رگا ئاسنینه‌كه‌وه" كه ئه‌مه‌یشیان له كۆمه‌ڵه چیرۆكى ته‌نیایى بڵاو كراوه‌ته‌وه، به‌م شێوه‌یه ده‌ست پێ ده‌كات "هه‌ندێ ئێواران.. هه‌ست به خۆشییه‌كى بێ سنوور ده‌كه‌ى.. وه‌ك خۆشى زه‌ویى وشكى به‌ر باران.. خۆشى یه‌كه‌م باڵه‌فڕه‌ى چۆله‌كه‌یه‌ك..
په‌پووله‌ئاسا شنه‌بایه‌ك فڕینت خۆشتر ده‌كا.. سووكتر ده‌ڕۆى.. ده‌ترسى وه‌ك توێژاڵێكى ته‌نك به یه‌كجارى له توێكڵى زه‌وى ببیته‌وه.. یا ببى به باڵنده‌یه‌ك به ئاسمان به‌رز بفڕى.. بۆ تاهه‌تایه ببیت به هێماى ئه‌و خۆشییه كتوپڕ و ناوه‌خنه. بۆیه هه‌وێنێ خه‌مێك ده‌گریته‌وه.. یان ده‌تگرێته‌وه".
له‌باره‌ی ته‌كنیكى نووسینه‌كانیش شێرزاد حه‌سه‌ن له‌م دوو كۆمه‌ڵه چیرۆكه یارییه‌كى ئاسایى له‌گه‌ڵ ته‌كنیكى چیرۆك ناكات، به‌ڵكو به‌شێوازێك دوور له‌و شێوازه‌ى پێشتر چیرۆكه‌كانى پێ ده‌نووسرایه‌وه، ته‌كنیكه‌كان به‌كار دێنێ. له‌وانه له چیرۆكى "میم" كه له "گوڵى ره‌ش" بڵاو كراوه‌ته‌وه، چیرۆكى "من و قاله و سه‌گه‌كه‌ى پاڤلۆڤ" و چیرۆكى "خوشكه‌كان". ره‌نگه لێره‌دا ده‌رفه‌تى ئه‌وه نه‌بێت به وردى باس له ته‌كنیكه‌كانى چیرۆكى كوردى بكه‌ین، چونكه بابه‌تێكى قووڵه، پێشتریش له‌باره‌ى ته‌كنیكى چیرۆكى نوێى كوردى، هه‌ریه‌كه له حه‌سه‌ن جاف و زاهیر رۆژبه‌یانی كتێبى گرنگیان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته بڵاو كردووه‌ته‌وه.
ئه‌مه له‌باره‌ی زمانى نووسینى چیرۆكه‌كانى "ته‌نیایى" و "گوڵى ره‌ش"، له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكى چیرۆكه‌كانیش بوێرییه‌كى بێ سنوور له‌م چیرۆكانه هه‌یه كه پێشتر نه‌بووه، شێرزاد ده‌ست بۆ هه‌موو ئه‌و شتانه ده‌بات كه پێشتر له ئه‌ده‌بدا په‌رده‌پۆش ده‌كران و نووسه‌ران لێیان دوور ده‌كه‌وتنه‌وه. ئه‌وان به‌شێكى زۆرى پانتاییه‌كانى چیرۆكیان بۆ بابه‌ته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و بابه‌ته نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ته‌رخان كردبوو، هه‌ڵبه‌ته به‌هۆى رژێمى به‌عسیشه‌وه له بابه‌تى دووه‌م "نه‌ته‌وه‌یى" په‌نایان بۆ به‌كارهێنانى ره‌مز ده‌برد.
به‌ڵام خاڵێكى تر‌ى گرنگ كه لێره‌دا ده‌مانه‌وێ ئاماژه‌ى بۆ بكه‌ین و ناونیشانى ئه‌م بابه‌ته‌یشه، پێوه‌ندى ده‌روونناسى و ئه‌ده‌به له‌لاى شێرزاد حه‌سه‌ن، لێره‌دا ده‌مه‌وێ باس له‌وه بكه‌م من له ساڵى 2007 كه دیمانه‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى درێژم له‌گه‌ڵ شێرزاد حه‌سه‌ن كردووه، ده‌قه‌كه‌ى له رۆژنامه‌ى "جه‌ماوه‌ر" بڵاو كراوه‌ته‌وه، پرسیارى ئه‌وه‌م لێ كردووه ئایا شێرزاد حه‌سه‌ن ده‌یه‌وێ ئه‌ده‌ب بكات به پاشكۆى ده‌روونناسى؟ هه‌ڵبه‌ته ئه‌و نكۆڵى لێ كرد. به‌ڵام ئه‌وه‌ى به‌وردى چیرۆكه‌كانى بخوێنێته‌وه، د‌رك به‌وه ده‌كات شێرزاد له‌م دوو كۆمه‌ڵه چیرۆكه و دواتریش له‌ژێر كاریگه‌رى تیۆره ده‌روونییه‌كان چیرۆكه‌كانى نووسیوه. بێگومان ئه‌مه‌یش لایه‌نی ئه‌رێنێ و نه‌رێنى خۆى هه‌یه.
ره‌نگه یه‌كێك له لایه‌نه نه‌رێنییه‌كان ئه‌وه‌بێ ئه‌و كاته ده‌ربكه‌وێ كه بته‌وێ بۆ ده‌رخستنى تیۆرێكى ده‌روونناسى رووداوه‌كانى چیرۆكێك بهۆنیته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ى بته‌وێ بۆ ده‌رخستنى راستى تیۆره‌كه له تێكستێكى ئه‌ده‌بى گیانى به به‌ردا بكه‌یت. به‌و واتایه‌ى كاتێك له واقیعدا ناتوانى تاقی بكه‌یته‌وه، له خه‌یاڵ و فه‌نتازیادا تاقى بكه‌یته‌وه.
ئه‌مه‌یش خاڵێكى نه‌رێنییه، چونكه له‌و كاته‌دا ئه‌ده‌ب ده‌بێته تاقیگه‌ى تیۆره ئه‌ده‌بییه‌كان، ئه‌ده‌ب ده‌كه‌وێته خزمه‌تى ده‌روونناسى، ده‌بێته پاشكۆ یان په‌راوێز. له به‌رانبه‌ریشدا خاڵێكى ئه‌رێنى له نزیكبوونه‌وه‌ى ئه‌ده‌ب و ده‌روونناسى ئه‌وه‌یه، له حاڵه‌تى نزیكبوونه‌وه‌یان تێكسته‌كانیش له ده‌روونى مرۆڤ نزیك ده‌بنه‌وه و رووكه‌شانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ بابه‌ته مرۆییه‌كان ناكه‌ن. زیاتر له مرۆڤه په‌راوێزخراوه‌كان نزیك ده‌بێته‌وه، ئه‌مه‌یش خاڵێكه كه شێرزاد له كارى ئه‌ده‌بى به‌تایبه‌تى له چیرۆك و رۆمانه‌كانى زۆر متمانه‌ی پێیه‌تى و چه‌ندان ساڵیشه له دیمانه و نووسینه‌كانى دووپاتى ده‌كاته‌وه.
هه‌ر به‌م بیركردنه‌وه‌یه شێرزاد حه‌سه‌ن له "ته‌نیایى" و "گوڵى ره‌ش" ده‌ستى بۆ ده‌روونى خه‌فه‌كراوى تاكى كوردى بردووه، كه تا ئه‌وكات له چیرۆكه‌كان به"نه‌نگى" ده‌زانرا.
چیرۆكى "من و قاله و سه‌گه‌كه‌ى پاڤلۆڤ" و چیرۆكى "میم" دوو تێكستن تێیدا به وردى كار بۆ به‌رجه‌سته‌كردنى تیۆره ده‌روونییه‌كان ده‌كرێت. ره‌نگه ئه‌سته‌م بێت لێره‌دا به چه‌ند رسته‌یه‌ك باس له‌م ئه‌زموونه‌ى شێرزاد بكرێت له‌و روانگه‌یه‌ى لایه‌نه نه‌رێنى و ئه‌رێنییه‌كانى ده‌ستنیشان بكرێت له بابه‌تى پێوه‌ندى تێكسته‌كانى "گوڵى ره‌ش" و "ته‌نیایى"، به‌ڵام ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنج بێت و له مێژووى چیرۆكى كورد پێویسته له‌به‌رچاو بگیرێت، ئه‌وه‌یه ئه‌م دوو كتێبه‌ى چیرۆك ئه‌ده‌بێكن به تامى ده‌روونناسى و ئه‌زموونێكى جوانن له پاڵ ده‌یان ئه‌زموونى تر‌ى چیرۆكى كوردى حه‌فتا و هه‌شتاكانى سه‌ده‌ى رابردوو.