توركیا ده‌یان ساڵه ئه‌ندامی هاوپه‌یمانیی ناتۆیه، كه‌چی سیستمی مووشه‌كیی له ڕووسیا ده‌كرێ كه ڕێك پێچه‌وانه‌ی ته‌واوی سیستمه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌یه، ئه‌مه وای كردووه ته‌واوی ناتۆ، له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه ئه‌مه‌ریكا دژایه‌تی بكه‌ن. توركیا پێشوه‌خته ده‌یزانی وای به‌سه‌ر دێ، كه‌واته بۆچی ئه‌م گرێبه‌سته زه‌به‌لاحه‌ی كرد؟
ڕۆژی هه‌ینیی ڕابردوو، توركیا به فه‌رمی ڕای گه‌یاند كه یه‌كه‌م كاروانی یه‌كه‌كانی سیستمی دژه‌مووشه‌كیی ئێس 400ی وه‌رگرتووه و ئیتر هه‌موو گومانه‌كان له‌سه‌ر په‌شیمانبوونه‌وه ڕه‌وانده‌وه و ده‌ركه‌وت ئه‌و لێدوانانه‌ی به‌رپرسانی ئه‌نكه‌ره له‌سه‌ر سووربوونیان بۆ ته‌واوبوونی گرێبه‌سته كه ڕاست ده‌رچوون و ئاماده نین بكه‌ونه ژێر فشاری وڵاتانی ناتۆوه.
له ڕاپۆرتێكدا كه تۆڕی "سی ئێن ئێم" ئه‌مه‌ریكی بڵاوی كردووه‌ته‌وه، ئه‌و گرێبه‌سته‌ی توركیا بۆ كڕینی ئێس 400 كردوویه‌تی، گه‌یشتووه‌ته دوو ملیار دۆلار، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌یهێنێ زۆر له بودجه‌ی ته‌واوی توانای سه‌ربازیی ئه‌نكه‌ره زیاتره. له‌و ڕاپۆرته‌دا پرسیار ده‌كات، كه‌واته پێوه‌ندیی ستراتیژی نێوان ئه‌مه‌ریكا و توركیا كه ماوه‌ی ده‌یان ساڵه به‌یه‌كه‌وه گرێ دراون، به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات و ئه‌ندامێتیی هاوپه‌یمانی ناتۆ چی لێ دێ؟
ڕه‌نگه یه‌كه‌م هه‌نگاوی كاردانه‌وه بریتی بێت له هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی گرێبه‌ستی فڕۆكه‌ی جه‌نگیی ئێف 35 كه بڕیار بوو توركیا له ئه‌مه‌ریكای بكڕێ. یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی سیستمی مووشه‌كیی ئێس 400 ئه‌وه‌یه، ده‌توانی فڕۆكه‌ی ئێف 35 بخاته خواره‌وه. كه‌واته چۆن توركیا ده‌توانێ دوو سیستمی دژبه‌یه‌كی هه‌بێ؟
سیستمی دژه مووشه‌كیی ئێس 400، له توانایدایه له دووریی 240 كیلۆمه‌تره‌وه مووشه‌ك بگرێته فڕۆكه و بیخاته خواره‌وه، ده‌شتوانێ مووشه‌كی كیشوه‌ربڕ له دووریی 61 كیلۆمه‌تره‌وه بخاته خواره‌وه.
تێكچوونی پێوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌نكه‌ره و واشنتن له پشت ئه‌م بابه‌ته‌وه‌یه و پێوه‌ی گرێ دراوه، وه‌ك داواكردنه‌وه‌ی ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكی توركیا به ڕاده‌ستكردنی فه‌تحوڵا گوله‌ن سه‌رۆكی بزووتنه‌وه‌ی خزمه‌ت كه ماوه‌ی چه‌ندان ساڵه له ئه‌مه‌ریكا نیشته‌جێیه و توركیا ئه‌و به هه‌ڵگیرسێنه‌ری كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌ی ساڵی 2016 تۆمه‌تبار ده‌كات.
هه‌روه‌ها بابه‌تی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل (یه‌په‌گه) له سووریا كه ئه‌نكه‌ره به پاشكۆی په‌كه‌كه و ڕێكخراوێكی تیرۆریستیی له قه‌ڵه‌م ده‌دا و ده‌یه‌وێ ئه‌مه‌ریكاش وا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكات، به‌ڵام له‌مه‌شدا ئه‌مه‌ریكا پشتیوانی یه‌په‌گه‌ی كردووه و نایه‌وێ بكه‌وێته ژێر باری توركیا. هه‌موو ئه‌مانه‌ش بۆ ئه‌وه بوو، توركیا ناچار بكات گرێبه‌سته‌كه نه‌كات، به‌ڵام كردی.
له هه‌موو ئه‌وانه‌یش مه‌ترسیدارتر و پێوه‌ست به گرێبه‌ستی دژه‌مووشه‌كیی ئێس 400، بریتییه له‌و سزا چاوهڕوانكراوانهیه كه ئه‌مه‌ریكا پێشتر واده‌ی دابوو. سزاكانیش پێنج دانه‌ن كه بریتین له قه‌ده‌غه‌كردنی گه‌شتی هاووڵاتیی توركیا بۆ ئه‌مه‌ریكا، سزا به‌سه‌ر گرێبه‌سته سه‌ربازییه‌كان، ده‌ركردنیان له به‌رنامه‌ی كڕینی فڕۆكه‌ی سه‌ربازیی ئێف 35 و چه‌ند سزایه‌كی ئابووری، ئه‌گه‌ریشی هه‌یه به ته‌واوی له هاوپه‌یمانیی ناتۆ بكرێنه ده‌ره‌وه.
پێشتر ناتۆ ڕای گه‌یاندبوو، ئه‌وان ناتوانن له‌گه‌ڵ دوو جۆر سیستمی سه‌ربازیدا مامه‌ڵه بكه‌ن و ئه‌و گرێبه‌سته‌ی توركیا به‌ته‌مایه ته‌واوی بكات، له‌گه‌ڵ ته‌واوی سیستمه‌كانی ئه‌وان یه‌ك ناگرێته‌وه و ناچار ده‌بن هه‌ڵوێست بنوێنن.
كۆتایی مانگی كانوونی یه‌كه‌می 2017 میدیاكانی توركیا ڕایان گه‌یاند، ئه‌نكه‌ره و مۆسكۆ دوا واژووی گرێبه‌ستی كڕینی سیستمی مووشه‌كیی S-400 ته‌واو ده‌كه‌ن كه به بڕی دوو ملیار و 500 هه‌زار دۆلار، ڕووسیا چوار سیستمی مووشه‌كیی S-400 به توركیا ده‌فرۆشێ، به‌ڵام به‌پێی ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی ئه‌مه‌ریكا خستییه سه‌ر توركیا و هه‌ندێك كێشه كه ڕووسیا دروستی كرد، جێبه‌جێكردنه‌كه‌ی تا ئێسته دوا كه‌وتووه، وێڕای ئه‌وه‌ی توركیا زۆربه‌ی پاره‌كه‌شی داوه، به‌ڵام دواتر له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێككه‌وتن، تا سێ ساڵی تر وه‌ری نه‌گرن.
به‌پێی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی له نێوانیان كراوه، یه‌كه‌م دانه له‌و چوار سیستمه مووشه‌كییه‌ی ڕووسیا به‌ته‌مایه به توركیای بفرۆشێ، له ئاداری ساڵی 2020 ده‌گاته یه‌كه‌ی سه‌ربازیی توركیا و ئیتر له‌و كاته‌وه توركیا ده‌بێته یه‌كێك له زلهێزه‌كانی چه‌كی قورس له دنیادا، چونكه ئه‌و سیستمه مووشه‌كییه، ده‌بێته هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر هه‌موو وڵاتانی چوارده‌وری.
یه‌كێك له كێشه سه‌ره‌كییه‌كانی هاوپه‌یمانیی ناتۆ ئه‌وه‌یه، ئه‌وان پێشوه‌خته له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێككه‌وتوون كه نابێ هیچ وڵاتێكی ئه‌ندام هه‌ڵگری چه‌كی ڕووسی بێت و نابێ هیچ گرێبه‌ستێكی سه‌ربازی له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته واژوو بكات، بۆیه ئه‌م هه‌نگاوه‌ی توركیا به لادان له پێڕه‌وی واژووكراوی نێوانیان داده‌نێن.
سه‌ره‌تای ئه‌م گرێبه‌سته‌ی نێوان توركیا و ڕووسیا بۆ كڕینی سیستمی مووشه‌كیی S400، دوای هه‌نگاوه‌كانی ئه‌نكه‌ره دێت به ڕووی مۆسكۆ، له ئه‌نجامی ئه‌و پشتگوێخستنه‌ی ئه‌مه‌ریكا له دوای كوده‌تا شكستخواردووه‌كه كردیان.
له ماوه‌ی ساڵانی 2013 تا 2017، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا هه‌موو هه‌وڵێكی له‌گه‌ڵ توركیا دا بۆ ئه‌وه‌ی سیستمی مووشه‌كیی ئێس 400ی ڕووسی نه‌كڕێ، به‌ڵام ئه‌وان سوور بوون له‌سه‌ر واژووكردنی گرێبه‌سته‌كه، ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی توركیا ئه‌و گرێبه‌سته نه‌كات، ئه‌مه‌ریكا ڕازی بوو سیستمی F35ی پێ بفرۆشێ كه به‌هێزترین و گرانترین و پێشكه‌وتووترین سیستمی فڕۆكه‌وانیی سه‌ربازییه له دنیادا.
ئێس 400 چییه؟
مووشه‌كی S400ی ڕووسی، سیستمێكی هێرشبردن و به‌رگریی مووشه‌كییه كه له یه‌كه‌یه‌كی چڕی ههمهكردار پێك دێت، له ساڵانی نه‌وه‌تی سه‌ده‌ی ڕابردوو گه‌شه‌ی پێ درا، ئێسته پڕفرۆش‌ترین یه‌كه‌ی سه‌ربازییه كه سوپای وڵاتان پشتی پێ ده‌به‌ستن و دواجاریش سعوودیه گرێبه‌ستێكی مێژوویی له‌گه‌ڵ ڕووسیا به كڕینی ژماره‌یه‌ك له‌و یه‌كه‌یه واژوو كرد.
سیستمی مووشه‌كیی S400، بریتییه له سێ جۆر مووشه‌كی مه‌ودا جیاواز كه دووریی هاویشتنهكهیان له 120 كیلۆمه‌تر و 250 و 400 كیلۆمه‌تر پێك هاتووه، ئه‌مه جگه له دوو جۆر سیستمی ڕادار، ئه‌ركیان ده‌ستنیشانكردنی هه‌ر مووشهكێكه به‌ره‌و ڕوویان دێ. ڕادارهكه له دووریی 600 كیلۆمه‌تره‌وه ده‌توانێ ئه‌و ته‌نه‌ی به‌رز بووه‌ته‌وه دیاری بكات، ئایا مووشه‌كه یان فڕۆكه و به چ ئاراستهیهكیش ده‌ڕوات.
ڕاداری دووه‌م كه ئه‌ركی دژه مووشه‌كییه، ده‌توانی له دووریی 400 كیلۆمه‌تره‌وه نیشانه‌كه‌ی بپێكی و ته‌نیا 10 چركه‌ی به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی بگاته سه‌ری و خاپووری بكات. هه‌ر ئه‌م سیستمه مووشه‌كییه ڕووسییه، یه‌كه‌یه‌كی به‌ڕێوه‌بردن و كۆنتڕۆڵی هه‌یه كه به نوێترین ته‌كنه‌لۆجیی سیستمه‌كه داڕێژراوه، بۆیه وڵاتانی دنیا به په‌رۆشن گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ ڕووسیا بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستیان بكه‌وێ.