گرێبەستی ئەو كۆمپانیایانە هەڵدەوەشێنرێنەوە كە سووتەمەنی دەهێننە كوردستان

:: PM:03:05:14/07/2019 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای گەیاند، دەیان ملیۆن لیتر سووتەمەنی لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە نێردراوە بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام بەسەر هاووڵاتییان دابەش نەكراوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 14ی تەمووز، غالب محەمەد ئەندامی فراكسیۆنی‌ گۆڕان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ئەنجام دا و ڕای گەیاند، ساڵی (2018)، دەیان ملیۆن لیتر سووتەمەنی لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە نێردراوە بۆ هەرێمی كوردستان و دابەش نەكراوە، چونكە ئیدارەی سلێمانی مامەڵەیەكی زۆر خراپی لەگەڵ كەیسی نەوت هەبوو.

غالب محەمەد دووپاتی كردەوە كە هەوڵ دەدەن گرێبەستەكانی‌ ئەو كۆمپانیایە هەڵبوەشێننەوە كە ئێستە سووتەمەنی‌ بە نرخێكی‌ گران دەهێننە ناوخۆی‌ هەرێم. وەك ئاماژەی بەوە كرد، ژمارەیەك دۆسیە هەیە و ڕادەستی دەستەی نەزاهەی دەكەن.

ئەوە لەكاتێكدایە كە ماوەی دوو ساڵە هیچ بەشە نەوتێك لە وەرزی زستانان بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش نەكراوە، سەرباری ئەوەی نرخی سووتەمەنی لە كوردستان لە ئاستێكی بەرزدایە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم