ئەو چارەسەرە سروشتییانەی یارمەتی گەشەكردنی قژ دەدەن

:: PM:04:10:14/07/2019 ‌
قژمان دەتوانین بەشێوەیەك پەروەردە بكەین كە زیاتر گەشە بكات و ئەستوور بێت. دوور بێت لە هەڵوەرین و تەنك بوونەوە. زۆر هۆكار هەن كە دەبنە هۆی زیان گەیاندن بەقژ و بێهێز بوون و هیلاك دەركەوتنی قژ وەكو زۆر گۆرینی رەنگی قژ و بەكارهێنانی ئامێری گەرم كە وا لە قژ دەكات كە تەنكتر ببێتەوە. 

چی دەبێتە هۆی ئەستووربوونەوەی قژ و خێرا گەشەكردنی؟
یەكەم: ئالۆڤێرا، سەرچاوەیەكی باشی سروشتییە یارمەتی گەشەكردنی قژ و ئەستووربوونی قژ دەدات چونكە بڕێكی زۆر ڤیتامینی تێدایە وەك ڤیتامین ئەی، بی، سی، هەروەها ئی یارمەتی شێدار هێشتنەوەی قژ دەدات و بریسكەی سروشتی بەقژ دەبەخشێت. باشتر وایە مادە لینجەكەی ئالۆڤێرا لەگەڵ زەیتی گوێزهیند و هەنگوین تێكەڵ بكرێت . پێنج كەوچك جێڵی ئالۆڤێرا لەگەڵ سێ كەوچك زەیتی گوێز هیند و دوو كەوچك هەنگوین تێكەڵ بكە پاشان بۆ پێستی سەر و تاڵەكانی قژ بەكاری بهێنە بۆ ماوەی نیو سەعات بەجێی بهێڵە و دواتر بیشۆ بە ئاوی سارد و شامپۆ.

دووەم: زەیتی زەیتوون، چارەسەرێكی تری بەسوودە بۆ ئەستووربوونی قژ چونكە تایبەتمەندی شێداركردنەوەی هەیە رێ لە وشكبوونەوەی قژ دەگرێت. لەگەڵ ئەوەشدا رێ لە توێكڵی سەر دەگرێت و قژ بەهێز دەكات. پێنج كەوچك زەیتی زەیتوون لەگەڵ دوو كەوچك هەنگوین تێكەڵ بكە پاشان بیدە لە پێستی سەرت بۆ ماوەی 30 خولەك بەجێی بهێڵە و دواتر بەشامپۆیەكی ئاسایی قژت بشۆ. رێیەكی تر بۆ بەكارهێنانی زەیتی زەیتوون ئەوەیە كە كەمێك زەیتەكە گەرم بكرێت و پاشان پێستی سەری پێ بشێلدرێت و دوای 24 سەعات بشۆرێت، بەم شێوەیە یارمەتی گەشەكردنی قژ دەدات و قژ لە هەڵوەرین دەپارێزێت.

سێیەم: هێلكە، ئەگەر بتەوێت قژ ئەستوور بێت ئەوە هێلكە زیاد بكە  لە لیستی ئەو پێكهاتانەی كە گەشەكردنی قژ خێرا دەكەن، چونكە بڕێكی باش پرۆتینی تێدایە. یەك بۆ دوو هێلكە تێكەڵ بكە پاشان قژت كەمێ‌ تەڕ بكە و بۆ قژت وەك ماسكێك بەكاری بهێنە بۆ ماوەی نیو سەعات بەجێی بهێڵە. دوایی ئەو ماوەیە قژت بەئاوی گەرم و شامپۆ بشۆ.
 
ئەم چارەسەرانە نەك تەنیا بەسوودن بۆ ئەستووربوونی قژ، بەڵكو یارمەتی بەهێزبوون و خێرا گەشەكردنی قژ دەدەن و قژ لە چەندان زیان دەپارێزێت.



وشە - ئاوات ئازاد