هنداڤ دوای 28 ڕۆژ گومان لە خۆخنكاندنی هەیە و ئەمڕۆ پرسەی بۆ داندرا

:: PM:05:50:14/07/2019 ‌
28 ڕۆژ لەمەوبەر كچێكی تەمەن 17 ساڵان بە ناوی "هنداڤ فەرهاد نهێلی" لە شارەدیێ دێرەلووكی سەر بە شارۆكەی ئامێدی بەپێی قسەی كەسوكاری خۆی فرێداوەتە ناو ڕووباری زێی گەورە و خنكاوە، بەڵام وێڕای ئەوەی تا ئێستە تەرمەكەی نەدۆزراوەتەوە، ئەمڕۆ یەكەم ڕۆژی پرسەكەی بەرێوەچوو.

هنداڤ بە یەكێك لە كچەجوان و خۆشەویستەكانی ناو خانەوادەكەی دادەنرێ‌، بەڵام چەند ڕۆژێك پێش خۆفڕێدانی بۆ ناو زێی گەورە بەقسەی باوكی تووشی خەمۆكی و نەخۆشی دەروونی بووە.

فەرهاد نهێلی كە باوكی كچەكەیە بۆ "وشە" گوتی، ڕۆژی 17ی حوزەیران كچەكەیان ون دەبێت و دوای چەند ڕۆژێك لەلایەن چەند كەسێكەوە دەیینرێ‌، لەكاتی خۆفڕێدانیشی بۆ ناو ئاوەكە چەند كەلوپەلێكی خۆی جێهێشتووە، بۆیە دەركەوتووە كە خۆی خۆی فڕێداوە.

لای خۆیەوە ئێحسان سەنعان بەرپرسی بەرگری شارستانی شارەدیێ دێرەلووك بە "وشە"ی راگەیاند، لە یەكەم رۆژی ئەو كچەی خۆی خستوەتە ناو رووباری زیێ گەورە تا دوێنێ ئەوان بە هاوكاری كەسوكاری ئەو كچە بەردەوام  گەڕان و بەدواداچوونیان بۆ كردووە.

لە ماوەی 28 ڕۆژی رابردوو بە درێژی 47كیلۆمەتر كەسوكار و تیمەكانی نقومزانی و بەرگری شارستانی شارەدیێ دێرەلووك و شێلادزێ و هەروەها دەڤەری بارزان گەڕان و بەدواداچوون لە شارەدیێ دێرەلووكەوە تا شارەدیێ بلێ لە دەڤەری بارزانیان دەست پێ كردووە، بەڵام تەرمی كچەكەیان نەدۆزیوەتەوە.

بەپێی داتاكانی بەرگری شارستانی دهۆك ئەم ساڵ لە سنووری پارێزگای دهۆك نزیكەی 16 كەس خنكاون، وێڕای ئەوە تەرمی ژمارەیەك لەو كەسانە دۆزراونەتەوە، بەڵام تا ئێستە تەرمی حەوت كەس نەدۆزاونەتەوە.

ئامێدی/ نەوزاد هلۆری 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم