500 هەزار گەشتیار ڕوویان لە ناوچە گەشتیارییەكانی سلێمانی كردووە

:: PM:07:31:14/07/2019 ‌
لە وەرزی هاویندا گەشتیاران ڕوو لەو ناوچانە دەكەن كە فێنكە و ناوچەی ئاوین و لەمساڵیشدا زیاتر لە 500 هەزار گەشتیار ڕوویان لە ناوچە گەشتیارییەكانی سلێمانی كردووە.

ئەمڕۆ یەكشەم 14ی تەمووز، ئارام شوانی گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، تا ئێستە زیاتر لە 500 هەزار گەشتیار ڕوویان لە ناوچە گەشتیارییەكانی سلێمانی كردووە كە بە پلەی یەكەم لە ناوەڕاست و باشووری عێراق هاتوون و بە پلەی دووەم لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێرانەوە و هەرچی كەسانی بیانیشە لە پلەی سیێهەمدا.

ڕێژەی گەشتیاران بۆ شوێنە گەشتیارییەكان بە پێی وەرزەكان دەگۆڕێت، گوتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی ئاشكرای كرد، لە وەرزی بەهاردا گەشتیاران زیاتر ڕوو لە هەورامان و دۆكان و ئەحماوا و دەربەندیخان دەكەن، لە وەرزی هاوینیشدا زیاتر لە سەنتەری شارەكاندا دەمێننەوە و دەچنە پاركە گەورەكان و ئەكواپاركەكان.

"ڕێژەی گەشتیاران لە شەش مانگی ئەمساڵدا هاوتای شەش مانگی سەرەتای ساڵی ڕابردووە و چاوەڕێ دەكرێت ڕێژەی هاتنی گەشتیاران ڕوو لە زیادبوون بكات، بەهۆی ئەوەی بۆنە و جەژنەكانی نەورۆز و ڕەمەزان و قوربانمان هەیە ئەمانەش ڕێژەكە بەرز دەكاتەوە" ئارام شوانی وای گوت.

ماوەی چەند ساڵێكە كەرتی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان گرنگی زۆری پێ دەدرێ‌، سەرباری ئەوەی هێشتا خزمەتگوزارییەكان لە ئاستی پێویست نین، بەڵام ڕێژەیەكی زۆری گەشتیار  ڕوو لە ناوچەكانی كوردستان دەكات.

سلێمانی/ ئاریان محەمەد



وشە - سه‌رخێڵ هاشم