مالیكی: كەشێكی ئەرێنی بۆ پێوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا دروست دەكەین

:: PM:07:51:14/07/2019 ‌
نووری مالیكی ئەمینداری گشتی حزبی دەعوەی ئیسلامی لە عێراق، سوپاسی ئەو پەیامەی پیرۆزبایی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەكات كە ئەمڕۆ بەبۆنەی كۆتایی هاتنی كۆنگرەی حزبی دەعوە و دووبارە هەڵبژاردنەوەی نووری مالیكی بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی حزبەكە ئاراستەی مالیكی و حزبەكەی كردبوو.

نووری مالیكی  لە سوپاسنامەكەیدا بۆ مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نووسیویەتی، بەوپەڕی رێز و دڵخۆشییەوە بروسكەی پیرۆزبایی ئێوەمان پێگەیشت، بە بۆنەی گرێدانی كۆنگرەی حەڤدەهەمی حزبی دەعوەی ئیسلامی و دووبارە هەڵبژاردنەوەم بە ئەمینداری گشتی، بە ڕێزەوە سوپاسی دەربڕینی هەستە باشەكانتان دەكەین، كە لە ناوەڕۆكی پەیامەكەتان هاتبوو.

" حزبی دەعوەی ئیسلامی تا ئەوپەڕی پێداگیرە لە سەر هەبوونی پێوەندی بەهێز و رەسەن لەگەڵ هێزە نیشتمانییەكان، هەوڵیش بۆ چەسپاندنی ئەو كەشە ئەرێنییە دەدەین، تا رەنگدانەوەی ئیجابی هەبێت لەسەر پێوەندییەكانی هەولێر و بەغدا" لە پەیامەكەی مالیكی وا نووسراوە.

ئەمڕۆ مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پەیامێكی پیرۆزبای ئاراستەی نووری مالیكی سەرۆك حزبی دەعوەی ئیسلامی كرد بەبۆنەی بەستنی كۆنگرەی حزبەكەیان و هەڵبژاردنەوەی مالیكی بە ئەمینداری ئەو حزبە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم