گرووپێكی شاخەوانی لە گەرمیان كە لە كۆمەڵێك كوڕ و كچی گەنجی گەرمیان پێكهاتوون، خۆبەخشانە كانیاوێكی سازگاری نێوان شارۆكەی كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان و شارۆكەی دەربەندیخانیان نۆژەنكردووەتەوە و ئامادەن بۆ هەر كارێكی تری خۆبەخشی.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەم 14ی تەمووز، ئەركان ئەكرەم ئەندامی گرووپی شاخەوانی گەرمیان بە "وشە" ی راگەیاند، ماوەی دوو ڕۆژە دەستمان كردووە بە نۆژەنكردنەوەی كانیاوێكی نێوان شارۆكەی كەلار و دەربەندیخان كە تاكە كانیاوی رێگاكەیە لەسەر شەقامەكە و كارەكانیمان تەواو كرد .
زیاتر گوتی، ئەم كارە خۆبەخشیەمان لەوەوە سەرچاوەی گرتوە كە شاخەوانی تەنیا وەرزش نییە، بەڵكو خزمەتكردنە بە ژینگەیش.
روونیشی كردەوە كە جگە لە رێبوارانی رێگەی كەلار و دەربەندیخان، هاوكات ئەوگوندانەی كە ئاوی سازگاریان نییە دەتوانن سوود لەم كانیاوە وەربگرن.
گەرمیان/ سەبری هۆرێنی