دیانا .. منداڵێکی ساوا لەسەر شەقام دەدۆزرێتەوە

:: AM:11:35:15/07/2019 ‌

ئەمڕۆ لە شارەدێی دیانا منداڵێکی تازە لە دایک بوو فڕێ دەدرێتە سەر شەقام و لەلایەن پۆلیسەوە دەگەیەندرێتە نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵانی سۆران . 

ئەمڕۆ دووشەم 15ی تەمووز، رێزان باڵەک بەپرسی راگەیاندن لە نەخۆشخانەی لەدایکبوون و مناڵانی سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە شارەدێی دیانا نزیک بنکەی تەندرووستی زۆزک لەسەر شەقام منداڵێکی تازە لەدایکبوو تەمەنی نزیکەی هەفتەیەک دەبێ فڕێدراوە و لەلایەن پۆلیسی ناوچەکە دەگەێندرێتە نەخۆشخانەکەمان .

زیاتر روونی دەکاتەوە، دوای پشکنینی چڕ لەلایەن دکتۆری پسپۆڕەوە، دەردەکەوێ منداڵەکە هیچ کێشەیەکی تەندروستی نییە تەنیا ماوەیەکی زۆرە شیری پێویستی پێ نەدراوە بۆیە پێویستی بە چاودێرییەکی تایبەت هەیە تاوەکو بکەوێتەوە باری ئاسایی . 

بەپرسی راگەیاندن لە نەخۆشخانەی لەدایکبوون و مناڵانی سۆران دووپاتی دەکاتەوە، منداڵەکە ڕەگەزی کچە، تا ئێستاش کەس خۆی بەرپرس نەکردوە وەکو دایک یان باوکی منداڵەکە، بە بڕیاری دادگا کامێڕاکانی نزیک ئەو شوێنە دەپشکندرێن کە مناڵەکەیان لێ فڕێداوە.

تا چەند رۆژێکی تر منداڵەکە لە نەخۆشخانەی سۆران لە ژێر چاودێریدا دەمێنێتەوە، ئەگەر دایک و باوکی پەیدا بوو، ئەوا بەپێی یاسا پێیان دەدرێتەوە، ئەگەرنا رەوانەی هەولێر دەکرێت و بەپێی بڕیاری دادگا بەو کەسانە دەدرێت کە ناوی خۆیان بۆ وەرگرتنی منداڵ تۆمار کردووە. 

سۆران/ موڕشید برادۆستی


وشە - هیدایه‌ت جان