بەڕێوەبەری ئاوی هەرێم: كێشەی پێوەری ئاوی ماڵان چارەسەر دەكەین

:: PM:03:43:15/07/2019 ‌
بەڕێوەبەری گشتی ئاوی هەرێمی كوردستان ڕوونكردنەوە لەسەر پێوەری ئاو دەدات و ئاشكرای دەكات ئەو هاووڵاتییانەی پارەی ئاوی زیاتریان بۆ هاتووە دەتوانن سەردانی بكەن بۆ چارەسەر كردنی كێشەكەیان.

ئەمڕۆ دووشەم 15ـی تەمووز، مەسعوود كاڕەش بەڕێوەبەری گشتی ئاوی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، پێوەری ئاو پێویستە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە ئاوی كوردستان بكەین و ڕێگری بكەین لە بەفیڕۆدانی بڕێكی زۆری ئاو لە پێداویستی هاووڵاتییان.

بەڕێوەبەری گشتی ئاوی هەرێمی كوردستان گوتی، هاووڵاتییان بڕە ئاوێكی زۆریان بەكاردەهێنا، بۆ ڕێگەگرتن لە بەفیڕۆدانیشی پێوەری ئاو باشترین چارەسەرە.

لەبارەی زۆر هاتنەوەی پارەی ئاوی ماڵان ئاشكرای كرد، لە چەندان هەزار پێوەر ڕەنگە لەچەند پێوەرێك كێشە هەبێت و هاووڵاتییان دەتوانن سەردانی بكەن بەمەبەستی چارەسەركردنی ئێمە گرنگی پێدەدەین ئەو ماڵانەشی پێوەرییان نەبەستووە پێویستە بیبەستن.

ئەو ڕوونكردنەوەی بەڕێوەبەری گشتی ئاوی هەرێمی كوردستان لە كاتێكە هەندێك هاووڵاتی سەرووی 50 ملیۆن دیناری لە دوو مانگ بەكارهێنانی ئاو بۆ هاتووەتەوە و بەرپرسانیش هۆكارەكەیان بۆ تێكچوونی پێوەری ئاو گەڕاندەوە.



وشە - رامیار جەواد