سیستمی یەكپۆشی لەم ساڵانەی دوایدا خواستی لەسەرە و بەشێك لە بەڕێوبەرایەتییەكان پێڕەویان كردووە و بەشێكی تریان لە دانانی پلان و پڕۆژەدان ئەو سیستمە پەیڕەو بكەن.
لەگەڵ ئەوەیشدا ئێستە دەنگۆی ئەوە بڵاو كراوەتەوە كە بۆ ئەم ساڵی خوێندن سیستەمی یەكپۆشی لە تەواوی زانكۆكان جێبەجێ دەكرێ. زانكۆی چەرموو لە چەمچەماڵ بە بڕیارێكی ئەنجوومەنی زانكۆكەكە لە ئامادەكاریدان تاوەكو بۆ ساڵی نوێی خوێندن هەمووان بە یەكجۆر جلوبەرگەوە دەوامی فەرمی خۆیان بكەن.
بێستوون محەمەد بەڕێوەبەری پڕۆسەی بەدواداچوونی بۆلۆنیا لە زانكۆی چەرموو، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەنجوومەنی زانكۆی چەرموو بڕیاری یەكپۆشی بۆ جلوبەرگی خوێندكاران بۆ ساڵی نوێی خوێندن داوە.
ڕوونیشی كردەوە كە ئەو بڕیارە لە بەرژەوەندی قوتابیانە، چونكە پۆشینی جلوبەرگی جۆراوجۆر توانای مادی خوێندكار دەردەخات و جیاوازی مادی خوێندكاران دەردەكەوێت كە ڕەنگە ئەمە ببێتە هۆی ماندووكردنی دەروونی خوێندكار و كاریگەری لەسەر ئاستی زانستی خوێدكار دروست بكات.
زانكۆی چەرموو لە سێ كۆلێژ و 12 بەش پێكهاتووە لە ساڵی 2014 لە چەمچەماڵ دامەزراوە كە لە سەرەتادا لە چەند بەشێكی كەم پێكهاتبوو.
یەكێك لەخوێندكارەكانی زانكۆی چەرموو پەرژین لەتیفە و دڵخۆشە بە بڕیاری سیستمی یەكپۆشی و بۆ "وشە" گوتی، دەرچوون و جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە كارێكی باشە و جیاوازی چینایەتی لەنێوان خوێندكاراندا ناهێڵێت، بەتایبەتی خوێندكارانی بەشە ناوخۆییەكان كە بەشێكی زۆریان كەم دەرامەتن.
هاوكات زانكۆی سلێمانی چاوەڕێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانە بۆ ئەوەی كە سیستمی یەكپۆشی ڕابگەیەنن، لەو بارەیەوە د.ڕەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بە "وشە"ی گوت، ئێمە لە چاوەڕوانی ئەنجوومەنی وەزیرانین ئەو بڕیارە یەكلایی بكاتەوە، تا ئەوان یەكلایی نەكەنەوە ئێمە ناتوانین كاری لەسەر بكەین.
سلێمانی/ ئاریان محەمەد