حكوومەتی عێراق لە دوای رووخانی رژێمی بەعسەوە هیچ قوتابخانەیەكی بۆ خانەقین دروست نەكردووە

:: PM:07:06:15/07/2019 ‌
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە ئاشكرای كرد كە بەكۆی دەنگی 21 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا، بڕیار دراوە لەسەر بودجەی پەرەپێدانی هەرێمەكان بۆ ساڵی 2019 لە تەواوی دیالە 100 قوتابخانە دروست بكرێن. بەڵام ئەندامێكی كوردی ئەنجوومەنەكە پێی وایە دۆخی ناوچە كوردستانییەكان لەبەرچاو نەگیراوە. بەرپرسی پەروەردەی خانەقین ئاشكرای دەكات "لە دوای رووخانی رژێمی بەعسەوە هیچ قوتابخانەیەك لەلایەن حكوومەتی ناوەندەوە بۆ خانەقین دروست نەكراوە".

عەلی داینی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، بە"وشە"ی راگەیاند، بە ئامادەبوونی 21 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە 148مین كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەن ئەنجام درا و تایبەت كرا بە پرسی دروستكردنی 100 قوتابخانە لە تەواوی پارێزگای دیالە بەشێوەیەكی یەكسان لە شارۆكە و شارەدێكانی دیالە.

بەگوتەی سەرۆكی ئەنجوومەنەكە، تەواوی ئەو قوتابخانانە لەسەر بودحەی 2019ی پەرەپێدانی پارێزگاكان دەنگی لەسەر دراوە و دەبێ دروست بكرێن.

وەك زیاتر خستیەڕوو، ساڵانێكە پارێزگای دیالە بەهۆی كێشەی دوو دەوامی و سێ دەوامی دەناڵێنێ و ئەم پلانە دەبێتە هۆكارێك تا ئەو گرفتە چارەسەر بكەن. بەگوتەی خۆی "هەوڵ دەدەن سیستمی یەك دەوامی بگەڕێننەوە بۆ قوتابخانەكانی پارێزگای دیالە".

پێویستە بگوترێ كورد لە ئەنجوومەنی دیالە سێ ئەندامی هەیە بۆ بە دەنگەوەهاتنیان لەسەر ئەو ستەمانەی بەدەنگی زۆرینەی فراكسیۆنی شیعی و سوننەكان دەكرێ.

ئەمەل عومران ئەندامی كورد لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، بۆ "وشە" گوتی، لە كۆی ئەو قوتابخانانەی بۆ خانەقین و شارەدێ و گوندەكانی دیاری كراوە، تەنیا 22 قوتابخانە بۆ خانەقین تەرخان كراوە.

ئەو دەڵێت "ئێمە تێبینی و سەرنجمان هەبوو لەسەر ئەو پشكەی بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دیالە دیاری كرا بۆ دروستكردنی قوتابخانە، چونكە دۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دیالە لە شوێنانی تری پارێزگاكە جیاوازە. هێشتا زۆر لە ئاوارەكانی ناوچە جیاجیاكانی دیالە و ئەنبار و شوێنانی تر، لە سنووری خانەقینن و فشاریان دروست كردووە و نەگەڕاونەتەوە ناوچەكانی خۆیان، جگە لەوەش بەهۆی جەنگی داعشەوە باڵەخانەكانی ناوچە داگیركراوەكانی دەستی داعش خاپوور كرابوون.

ئاری حەسەن شارەزای پەروەردەیی، بۆ "وشە" باسی لەوە كرد، گرفتی دوو دەوامی و سێ دەوامی لە ناوچە كوردستانییەكانی دیالە ساڵانێكە بەردەوامە و بووەتە هۆكارێك كە بواری پەروەردە هیچ بەرەوپێشچوونێكی ئەوتۆ بەخۆیەوە نەبینێ.

بەبۆچوونی ئاری "بوونی ژمارەیەكی زۆر قوتابی لە پۆلێكدا كار دەكاتە سەر مامۆستا و قوتابیان، چونكە مامۆستا ئەستەمە بۆی وانەكانی بە باشی بگەیەنێتە پۆلێك كە 40 بۆ 45 قوتابی تێدابێت، هاوكات قوتابیانیش بێزارن لە زۆری ژمارەی خۆیان و قەرەباڵغی پۆلەكان، چونكە بەپێی ستاندار پۆلێك دەبێ 15 بۆ 25 قوتابی تێدابێت".
لە بەرانبەردا سەمیر محەمەد نوور سەرۆكی ئەنجوومەنی شارەوانی خانەقین، بۆ "وشە" ئاماژەی دا، لەبارەی ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالەوە هیچ پرسێك بە ئەنجوومەنی شارەوانی خانەقین نەكراوە بۆ ئەوەی بزانن چەند قوتابخانەیان پێویستە.

نوور بە پێویستی دەزانێ بە نووسراوی فەرمی لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای دیالەوە ئاگادار بكرێنەوە لەوەی چی بۆ خانەقین و دەوروبەری دەكرێت.

لای خۆیەوە حەبیب فەرەج بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی خانەقین سەربە هەرێمی كوردستان، بۆ "وشە" گوتی، لە دوای رووخانی رژێمی بەعسەوە /2003/ تا ئێستە لەلایەن حكوومەتی ناوەندەوە هیچ قوتابخانەیەك لە سنووری خانەقین دروست نەكراوە.

زیاتر دەڵێ، لەم ساڵانەدا لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە توانرا دوو باڵەخانەی مۆدێرنی 18 پۆلی دروست بكرێن، ئەوەش هەندێك لە گرفتەكانی كەم كردینەوە. هەڵبەت بوونی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە گرفتی بۆ خانەقین دروست كردووە، لەگەڵ ئەوەشدا هیوادارین ئەو پشكەی بۆ خانەقین و شارەدێكانی تەرخان كراوە  جێبەجێ بكرێت.

ئەو بەرپرسەی پەروەردەی خانەقین هیوای خواست كار بەو بڕیارەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بكرێت و گرفتی كەمی باڵەخانەی تایبەت بە قوتابخانە چارەسەر بكرێت.

وشە/ سەبری هۆرێنی



وشە - تایبه‌ت