بە راسپاردەی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتەكانی وەزارەتەكانی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن و كاروباری پێشمەرگە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و پەروەردە و كارەبا كرا.
دانا عەبدولكەریم دەسەڵاتەكانی وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی لە دەرباز كۆسرەت رەسوڵ وەرگرت و شۆڕش ئیسماعیل دەسەڵاتەكانی وەزارەتی پێشمەرگەی لە كەریم شنگالی، ئارامی حەمەی مینا دەسەڵاتەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە د. یوسف گۆران، ئالان حەمە سەعید دەسەڵاتەكانی وەزارەتی پەروەردەی لە پشتیوان سادق و كەمال محەمەد ساڵح دەسەڵاتەكانی وەزارەتی كارەبای وەرگرت.
لەمیانەی ئەو ئاڵوگۆڕییەدا دووپات لەسەر پێكەوەكاركردن و جێبەجێكردنی كارنامەی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و جێبەجێكردنی بڕیارەكانی یەكەمین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران و هەموو لایەك راسپێردران بۆ هەنگاونان بۆ زیاتر خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان.
پڕۆسەكە بە سەرپەرشتی لیژنەیەكی تایبەتی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئاڵوگۆڕكردنی پۆستی وەزارەتەكان بەڕێوەچوو، كە پێكهاتبوو لە شەعبان شەعبان چالی، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆكی حكوومەت و ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی حكوومەت و ئامانج رەحیم، سكرتێری سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران.
بڕیارە پرۆسەی ئاڵوگۆڕكردنی دەسەڵاتەكانیش تا كۆتایی ئەم هەفتەیە لە سەرجەم وەزارەتەكان ئەنجام بدرێت.