له ماوه‌ی ڕابردوو له نێو لایه‌نه شیعییه‌كانی عێراق هه‌ڵمه‌تێك دژی عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌ستی پێ كردووه و باس له دوورخستنه‌وه‌ی ده‌كرێ، به‌هۆی جێبه‌جێنه‌كردنی پلانی حكوومه‌ت و به‌رده‌وامیدان به پشك پشكێنه و پڕنه‌كردنه‌وه‌ی 200 پۆست و سازشكردن بۆ هه‌ولێر، ڕه‌وتی حیكمه و سائیروون و نه‌سڕ و قه‌راریش له پشت ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌وه‌ن، عه‌بادیش خه‌ون به گه‌ڕانه‌وه بۆ كورسی ده‌سه‌ڵات ده‌بینێت.
حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق كه ده‌یه‌وێ ئه‌و گرژیانه‌ی نێوان عه‌بدولمه‌هدی و كوتله شیعه‌كان بقۆزێته‌وه و جارێكی تر دۆخه‌كه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی ئاوه‌ژوو بكاته‌وه، كه‌چی چاودێران دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه ئه‌وه خه‌ونێكی مردووه، چونكه ئێران له عه‌لاوی زیاتر ئێسته ڕقی له حه‌یده‌ر عه‌بادییه و هه‌ر ئه‌وانیش ڕێیان نه‌دا جارێكی تر ببێته‌وه سه‌رۆك وه‌زیران.
ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكه هه‌ڵمه‌تێكی گه‌وره له‌سه‌ر عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌ستی پێ كردووه، به جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ی مه‌زه‌وییه‌ت و په‌راوێزخسنی دۆسیه‌ی خزمه‌تگوزاری و گه‌نده‌ڵی و سازشكردن بۆ كورد تۆمه‌تبار ده‌كرێت، مه‌ترسی هه‌یه حكوومه‌ته‌كه‌ی به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شانه‌وه ببرێت.
ئه‌سعه‌د به‌دری په‌رله‌مانتاری حیكمه له‌وباره‌وه
گوتی، عه‌بدولمه‌هدی ناتوانێ ئامانجه‌كان به‌دی بهێنێت، بۆیه هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه له داهاتوویه‌كی نزیك ده‌ست له‌كار ده‌كێشێته‌وه.
به‌هۆی دروستبوونی ئه‌و ده‌نگۆیه عه‌بادی ده‌ستی به جوڵه‌كردن به ئاراسته‌ی نه‌جه‌ف كردووه، به‌و ئامانجه‌ی لای مه‌رجه‌عیه‌تی دینی خۆی وه‌ك پیاوێكی به‌هێز و خاوه‌ن بڕیار پێشان بدات، تا جارێكی تر له ئه‌گه‌ری هه‌ڵوه‌شانه‌وه و داڕووخانی حكوومه‌تی عه‌بدولمه‌هدی، حوكمی عێراق بگرێته‌وه ده‌ست، هاوكات له ئێرانیش خۆی نزیك ده‌كاته‌وه.
به‌ڵام سه‌رچاوه‌كان و چاودێران چنینه‌وه‌ی ئه‌نجامی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی عه‌بادی به ئه‌سته‌م و مه‌حاڵ ده‌بینن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی عه‌بدولمه‌هدیش هه‌ڵبوه‌شێته‌وه، به‌هۆی كاریگه‌ری ناوخۆی و ده‌ره‌كی گه‌ڕانه‌وه‌ی عه‌بادی بۆ حوكم كارێكی ته‌واو مه‌حاڵه، له پێش هه‌مووانه‌وه كورد و ئێرانییه‌كان و ئه‌مه‌ریكییه‌كانیش قبووڵی ناكه‌ن.