بڕیاره ئه‌مڕۆ سێشه‌م شاندێكی هه‌رێمی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تی مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بگه‌نه به‌غدا و ده‌ست به دانوستاندن بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بكه‌ن.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كان شاندی هه‌رێمی كوردستان جیا له سه‌رۆكی حكوومه‌ت كه سه‌رۆكایه‌تیی شانده‌كه ده‌كات، هه‌ریه‌ك له قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ت و وه‌زیری ناوخۆ و دارایی‌ش یاوه‌ری سه‌رۆك وه‌زیران ده‌كه‌ن.
به‌رنامه‌ی شاندی كوردستان له به‌غدا بریتییه له كۆبوونه‌وه و گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق، به‌رهه‌م ساڵحی سه‌ركۆمار و عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیران و محه‌مه‌د حه‌لبووسی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و ئامانجیش له‌و سه‌ردانه ڕێككه‌وتنی نێوان هه‌ردوو حكوومه‌تی نوێی كوردستان و عێراقه له‌سه‌ر كێشه‌كان و دانانی ڕێوشوێنی ڕژد و پێویست بۆ چاره‌سه‌ریان.
گرنگترین ئه‌و كێشانه‌ی له نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا هه‌ن بریتین له‌مانه‌ی خواره‌وه.
1.پرسی هه‌نارده و به‌ڕێوه‌بردنی كه‌رتی نه‌وت و گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كان و ده‌ركردنی یاسای نه‌وت و گاز.
2.پرسی بودجه و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان.
3.كێشه‌ی كه‌ركووك و ناوچه كوردستانییه‌كان و جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140.
4.بودجه و چه‌ك بۆ پێشمه‌رگه وه‌ك به‌شێك له سیسته‌می به‌رگری عێراق.
5.دروستكردنی ئه‌نجوومه‌نی فیدراڵی.
6.پشكی كورد له سوپا و دامه‌زراوه‌كانی عێراق، ڕاگرتنی ته‌واوفق و ته‌وازن له داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت.
شاره‌زایان و سیاسه‌توانان و چاودێران دووپات له‌وه گرنگی ئه‌و سه‌ردانه شاندی كوردستان بۆ به‌غدا ده‌كه‌نه‌وه و هێما بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن، كه ئه‌مه سه‌ره‌تایه‌كی باش و نیازپاكییه‌كی گرنگه له‌لایه‌ن هه‌ولێره‌وه ده‌خرێته به‌رده‌م عه‌بدولمه‌هدی بۆ چاره‌سه‌ركردنی سه‌رجه‌م كێشه‌كان و جێگیركردنی پێوه‌ندییه‌كانی ئاشتی و ئارام و هاوسه‌نگ و پشتئه‌ستوور به ده‌ستوور له نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدرال.
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش ئێواره‌ی دوێنێ دووشه‌م عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق پێوه‌ندی به مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد و پیرۆزبایی لێ كرد و پێشوازی له‌و هه‌نگاوه‌ی هه‌ولێر كرد بۆ ده‌ستكردن به دانوستاندن و چاره‌سه‌ری كێشه‌كان.