پەرلەمانی عێراق ئامادەكاری بۆ بودجەی تەواوكاری دەكات

:: AM:11:46:16/07/2019 ‌
بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان و بەرزبوونەوەی  ئاستی هەناردەی نەوتی عێراق، ئەو داهاتەی لە بودجەی 2019 ئاماژەی پێكراوە، پێشبینی دەكرێت زیاد بكات. بڕیاردەری لیژنەی دارایی دەڵێ، لە ماوەی داهاتوودا پەرلەمان بودجەی تەواوكاری ئامادە دەكات.

ئەمڕۆ سێشەم 16ی تەمووز، ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، لە بودجەی 2019 نرخی بەرمیلێك نەوت بە 56 دۆلار خەملێنراوە، بەڵام لە بازاڕدا نرخەكە زۆر لەوە زیاترە، بۆیە بڕە زیادەكە لە ماوەی داهاتوودا لە چوارچێوەی بودجەی تەواوكاری لە پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر دەكرێت.
 زیاتر  روونی دەکاتەوە، وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پلاندانان دەبێت بودجەی تەواوكاری ئامادە بكەن، لەمەشدا پەرلەمان  رۆڵی دەبێت لە دابەشكردنی بەسەر پارێزگاكاندا، بەشێكیشی بۆ پڕۆژە گرنگەكان خەرج دەكرێت.
بەگوێرەی بودجەی 2019، نرخی بەرمیلێك نەوت بە 56 دۆلار خەمڵێندراوە كە عێراق رۆژانە سێ ملیۆن و 880 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی بازاڕەكانی جیهان بكات بە 250 هەزار بەرمیلەكەی كوردستانیش، بودجەی عێراق بۆ 2019 گەیشتە 108 ملیار دۆلار كە 19 ملیاری كورتهێنان بوو.
 بەڵام لە ئێستەدا نرخی بەرمیلێك نەوت لە بازاڕەكانی جیهانی سەرووی 70 دۆلارە، بەمەش خەملاندنی حكوومەتی عێراق بۆ هەر بەرمیلێك 16 دۆلار كەمتر بووە، ئەو بڕە پارەیەش دەبێتە داهاتی زیادەی دەوڵەت و لە چوارچێوەی بودجەی تەواوكاری رێك دەخرێت و بەسەر سێكتەرەكانی ناو بودجە دابەش دەكرێت.


وشە - فه‌رمان سادق