کێشەی گرانبوونی عەریزەی دادگا دەبرێتە داواكاری گشتی

:: AM:11:57:16/07/2019 ‌
 بڕیارە هەفتەی داهاتوو ژمارەیەكی زۆر لە پارێزەران سكاڵاکانیان ببەن بۆ داواكاری گشتی بەمەبەستی ڕێگری لە كاری كۆمپانیایەك بۆ كاركردن لە دادنووسی هەولێر و گرانكردنی نرخەكەی.

ئەمڕۆ سێشەم 16ـی تەمووز، ڕێبین سەباح پارێزەری یاسایی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، هەفتەی داهاتوو سەردانی داواكاری گشتی دەكەین و نووسراوێكی ناڕازی بوون دەدەین بە داواكاری گشتی بەمەبەستی ڕێگری كردن لە پێدانی بریكارنامە و دادنووسی بە كۆمپانیاییەك.

ئەو پارێرزەرە گوتی، ئامانجامانە ئەو كارە نەكرێت بۆ ئەوەی ڕێگە نەدرێت بریكارنامە لە دووو هەزار و 500 دینارەوە بكرێت بە 25 هەزار دینار بۆ ئەو مەبەستەش چەندان پارێزەر پشتگیری خۆیان دەربڕیوە.

ڕوونی كردەوە، لەهەمان ڕۆژ سەردانی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان دەكەین تا ئەوانیش بێنە دەنگ و ئەو كارە بوەستێنن و ڕێگە نەدەن بارگرانی لەسەر هاوولاتیان دروست ببێت.

ماوەی مانگێكە لەلایەن كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت هەوڵ دەدرێت بریكارنامە و دادنووسی هەولێر وەربگیرێت و نرخەكەی لە دوو هەزار و 500 دینار بكرێتە 25 هەزار دینار كە بەشێكی زۆری پارەكە بۆ كۆمپانیایە و ئەوەیش ناڕەزایەتی هاوولاتییانی لێ کەوتۆتەوە.



وشە - رامیار جەواد