كەمئەندامانی لە هەولێر گردبوونەوە

:: AM:11:58:16/07/2019 ‌
ژمارەیەكی زۆر لە كەمئەندامان لە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران گردبوونەوە و داوای خێرا پێداچوونەوە بە لێژنەكانی كەمئەندامان بۆ پشكنیینەوە دەكەن.

ئەمڕۆ سێشەم 16ـی تەمووز، سامان حسێن سكرتێری یەكێتی كەمئەندامان لەبەردەم ئەنجوومەنی وەزیران لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، وەك كەمئەندامان چاومان لە بڕگەی نۆیەمی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە كە جێ‌بەجێ‌ بكرێت و یەكەمین كاری حكوومەت بێت.

سكرتێری یەكێتی كەمئەندامان گوتی، بینینی سەرۆكی حكوومەت و جێگرەكەی و وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بۆ ئێمە پێویستە، چونكە زیاتر لە 150 ڕۆژە بە بیانووی تەواونەبوونی پشكنینەوەی كەمئەندامان مووچەی بەشێكی زۆری كەمئەندامان وەستاوە، بۆیە پێویستە پەلە بكرێت و ئەنجامەكان ڕابگەیەندرێت.

ڕوونی كردەوە، دابینكردنی ئامێرە یارمەتیدەرەكان بۆ كەمئەندامان بەخێرایی پێویستە، لە تەنگەژەی دارایی زۆرمان نەهامەتی چەشت و زۆرمان سووكایەتی پێكراوە بۆیە هیوادارین ئەو كابینەیە داواكارییەكانمان جێ‌بەجێ‌ بكەن كە داواكاری ئێمە داواكاری 100 هەزار كەمئەندامە.

ئەو گردبوونەوەیە لە كاتێكە لە سەرەتای ئەمساڵەوە پشكنینەوەی كەمئەندامان لەلایەن لیژنەكانی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و تەندروستی دەستی پێ کردووە و تا ئێستەیش بەردەوامە.



وشە - رامیار جەواد