مەحموود عوسمان: چوونی شاندی کوردستان بۆ بەغدا ھەنگاوێکی گرنگە

:: PM:12:10:16/07/2019 ‌

سیاسەتمەدارێکی کورد ئاشکرای دەکات، چوونی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا دوای دەستبەکاربوونیان لە کابینەی نوێ کارێکی باش وھەنگاوێکی گرنگە ، بۆیە ھیوادارین گفتوگۆی رژد بکرێت و بگەنە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا لەبارەی کێشەکانی نێوانیان، چونکە ئەولەویەتی کاری کابینەی تازە چارەسەرکردنی کێشەکانە لەگەڵ بەغدا.


 

ئەمڕۆ سێشەم 16ی تەمووز، د.مەحموود عوسمان سیاسەتمەداری کورد بۆ "وشە" ڕای گەیاند، چوونی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا کارێکی زۆر باش و ئیجابییە، چونکە دەمێکە گفتوگۆ نەکراوە لە نێوان ھەردوو حکوومەت و ئێستاش دوای دەستبەکاربوونی حکوومەتی تازە شاندێک چووە بۆ بەغدا، ھەنگاوێکی ئیجابیی وگرنگە ، بەڵام پێویستە لە بەغدا ماوەیەکی باش بمینێنەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆی رژد بکرێت و بەپەلە نەگڕێنەوە و ھەموو لایەنەکان ببینن بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنێک لەبارەی کێشەکانی نێوانیان.


 

زیاتر روونی دەکاتەوە، ئەو شاندە چەندە زیاتر بمێننەوە باشترە و دەستکەوتی زیاتری دەبێت ، چونکە زۆر لایەن لە بەغدا ھەیە و پێویستە چاویان بە ھەمووان بکەوێت، بەڵام تا ئێستا نازانین گفتوگۆی حکوومەتی تازە چۆن دەبێت و ھیوادارین رژد بن و ئەگەر سەرجەم کێشەکانیش چارەسەر نەکرێت، کۆسپەکان دیاری بکرێن بۆ ئەوەی چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە.


 

د. مەحموود عوسمان دووپاتی دەکاتەوە، ئەوەی گرنگە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کابینەی نوێ لە کارنامەی خۆیدا باسی لەوە کرد ئەولەویەتی کاری ئەوان چارەسەرکردنی کێشەکانە، بۆیە حکوومەتی ھەرێم رژدە و ھیوادارین بەغداش بەھەمان شێوە بێت بۆ ئەوەی لێک نزیک ببنەوە و بگەنە رێککەوتن.


ئەمڕۆ شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی سەرۆک وەزیرانی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گەیشتە پایتەختی عێراق و بڕیارە ژمارەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراقی ئەنجام بدەن.

هەولێر/ بڵند ئیبڕاهیم

 



وشە - هیدایه‌ت جان