یەكێتیی زانایان: بەهۆی كردە تیرۆریستییەكان 50 هەزار هاووڵاتی لە دیالە بوونەتە قوربانی

:: PM:01:19:16/07/2019 ‌
یەكێتیی زانایانی ئیسلامی لە پارێزگای دیالە، ئاماری تیرۆریستە خۆكوژەكانی شارەكە لە دوای 2003 تا ئێستە بڵاودەكاتەوە كە زۆرینەیان سعوودین و 50 هەزار كەسیش بەهۆیەوە بوونەتە قوربانی. جەبار مەعمووری سەرۆكی یەكێتییەكە دەڵێ، پێویستە بڕیاربەدەستانی سعوودیە لەسەر ئەو پرسە بدرێنە دادگا.

یەكێتیی زانایانی ئیسلامی لە پارێزگای دیالە، ئاماری تیرۆریستە خۆكوژەكانی لەو شارە لەدوای 2003 تا ئێستە كە خۆیان تەقاندووەتەوە و كردەی تیرۆریستیان ئەنجامداوە، بڵاوكردەوە.

بەپێی ئامارەكە، زیاتر لە 200 تیرۆریست خۆیان تەقاندووەتەوە كە هەموویان رەگەزنامەی عەرەبییان هەبووە، ئەوەش دەخاتەڕوو، بەهۆی كردە تیرۆریستییەكانەوە زیاتر لە 50 هەزار هاووڵاتی سڤیلی شارەكە بوونەتە قوربانی كە بەشێك لەوانەی كارمەندانی پۆلیس و هێزە تەناهییەكان بوون، ئەمە جگە لە زیانە مادییەكانی بەر شارەكەیان گەیاندووە.

جەباری مەعمووری سەرۆكی یەكێتیی زانایانی ئیسلامی لە دیالە گوتی "زۆرینەی ئەوانەی خۆیان تەقاندووەتەوە رەگەزنامەكەیان سعوودی بووە، ئەوانی تریش هی وڵاتانی تری عەرەبی بووینە". زیاتر گوتی "پێویستە دادگەری هەبێت و كەسوكاری قوربانییەكان مافەكانیان وەربگرنەوە لەوانەی كۆمەكی دارایی تیرۆر دەكەن لە وڵاتانی كەنداوی عەرەبی و وڵاتانی تری جیهان".

دوای كەوتنی رژێمی بەعس لە 2003، رێكخراوی قاعیدە كە رێكخراوێكی تیرۆریستییە و ئوسامە بن لادن سەركردایەتی دەكرد و لە عێراق موسعەب زەرقاوی كەسی یەكەمی ئەو رێكخراوە بوو، مووسڵ و ئەنبار و دیالە ناوەندی چالاكییە تیرۆریستییەكانیان بوو، بەو هۆیەوە قاعیدە تاكە رێكخراوی تیرۆریستی بوو كە زۆرترین كردەی تیرۆریستی لە بەعقوبەی ناوەندی پارێزگای دیالە ئەنجام داوە.

دوای هاتنی داعش لە 2014، جارێكی تر ئەو شارە كەوتە بەر شاڵاوی تیرۆریستانی داعش، بەهۆیەوە ژمارەیەكی زۆری خەڵكی شارەكە بوونە قوربانی، ئەگەرچی سوپای عێراق بە پاڵپشتی هێزی هاوپەیمانان توانیان لە 2015 شارەكە لە دەست تیرۆریستانی داعش رزگار بكەن، بەڵام تا ئێستەش دۆخی تەناهی لە دیالە جێگیر نییە و بە بەردەوام پاشماوەی چەكدارانی داعش، كردەی تیرۆریستی لێ ئەنجام دەدەن.



وشە - فه‌رمان سادق