كۆبوونەوەی مەسروور بارزانی و عادل عەبدولمەهدی دەستی پێ‌ كرد

:: PM:02:25:16/07/2019 ‌
كۆ بوونەوەی نێوان مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستی پێ كرد.

ئەمڕۆ سێشەم 16ـی تەمووز، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گەیشتە بەغدا و دوای کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک کۆمار، کەمێک پێش ئێستە لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق چوونە ناو هۆڵی کۆبوونەوە.

دوێنی لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیران بڕیاریدا بۆ پێشاندانی نیازپاكی كوردستان بۆ چارەسەری كێشەكان سەردانی بەغدا بكات.

مەسروور بارزانی سەرۆكایەتی شاندەكە دەكات و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەت و فرسەت ئەحمەد وەزیری داد و رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە و ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و فەوزی هەریری سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ئەندامی شاندەكەن.

بڕیارە شاندەكەی كوردستان لەگەڵ هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق كۆ ببێتەوە.

گرنگترین ئەو كێشانەی لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا هەن بریتین لە:

1.پرسی هەناردە و بەڕێوەبردنی كەرتی نەوت و گرێبەستە نەوتییەكان و دەركردنی یاسای نەوت و گاز.

2.پرسی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.

3.كێشەی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان و جێبەجێكردنی مادەی 140.

4.بودجە و چەك بۆ پێشمەرگە وەك بەشێك لە سیستمی بەرگری عێراق.

5.دروستكردنی ئەنجوومەنی فیدراڵی.

6.پشكی كورد لە سوپا و دامەزراوەكانی عێراق، ڕاگرتنی رێککەوتن و هاوسەنگی لە دامودەزگاكانی دەوڵەت.


وشە - رامیار جەواد