بەمەبەستی هێنانی گەشتیاری ئێرانی بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی دەڤەری سۆران 18 کۆمپانیای ئەو بوارە لە وڵاتی ئێران سەردانی ناوچەکەیان کرد و لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سۆران رێککەوتوون.
ئەمڕۆ سێشەم 16ی تەمووز، بارزان محەمەد بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمرۆ شاندێکی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی وڵاتی ئێران کە پێکھاتبوون لە 18 کۆمپانیا لە شار و شارۆکەکانی وڵاتەکه سەردانی سنوورەکەیان کرد و لەسەر هێنانی گەشتیار بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی دەڤەرەکەمان رێککەوتووین .
زیاتر روونی دەکاتەوە، کۆمپانیاکان لە رێگەی گرووپی گەشتیاری سەردانی دەڤەرەکەمانیان کرد و سەرسامی خۆیان بە سرووشت و جوانی ناوچە گەشتارییەکان دەربڕی .
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران دووپاتی دەکاتەوە، کۆمپانیا ئێرانییەکان بەڵێنی ھێنانی گرووپی گەشتیارییان دا، بەمەش جووڵەیەکی تر دەکەوێتە سێکتەری گەشتیاری دەڤەرەکەمان.
سنووری سۆران رێژەیەكی زۆری ناوچەی گەشتیاری لەخۆ دەگرێت و دیارترینیان گەلی عەلیبەگ، بێخاڵ، شنگلبانە ، جوندیان، كۆڕەك تەلەفریك، سەكران، پڕژێ، زرارا ، دوورەمڵك، ئەمانە و دیان ناوچەی دیكەی گرنگی گەشتیاری هەیە و لەسەر ئاستی كوردستان و تەنانەت عێراقیش ناسراون . ساڵانە لە چوار وەرزی ساڵ، سەدان هەزار گەشتیاری نێوخۆیی و بیانی روو لە ناوچە گەشتیارییەكانی دەڤەری سۆران دەكەن، لە رێگەی گرووپ و كۆمپانیاكانەوە گەشتیار دەهێندرێنە سۆران.
بەپێی ئەو ئامارەی لە بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سۆران دەست "وشە " كەوتووە، لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا، زیاتر لە 300 هەزار گەشتیاری نێوخۆیی و شارەكانی عێراق و دەرەوەی كوردستان روویان لە ناوچە گەشتیارییەكانی دەڤەری سۆران كردوو.
سۆران لەڕووی كارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای هەولێرە و بە دووری 110 كم لە باكووری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر هەڵكەوتووە .
سۆران/ موڕشید برادۆستی