دیارترین ئەو تەوەرانەی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی عێراق تاوتوێی دەكات، پرسی بودجە، نەوت و كێشە هەڵپەسێردراوەكانی تری نێوان هەردوولایە. جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەڵێ، كۆمیتەی هاوبەش بۆ ئەو پرسانە پێك دەهێنرێت.
ئەمڕۆ سێشەم 16ی تەمووز، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە یاوەری شاندێك لە وەزیرانی كابینەی نۆیەم، بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە بەغدا.
دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق، لە ئێستەدا شاندی هەرێمی كوردستان لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران لە كۆبوونەوەدایە و دواتریش لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، كۆ دەبێتەوە.
دكتۆر بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كە بەشداری لە كۆبوونەوەی شاندی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆك كۆمار بوو، دەڵێ، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق پشتگیری تەواوی خۆی لە چارەسەری كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەت دووپات كردەوە.
جێگری سەرۆكی پەرلەمان بۆ "وشە" ئاماژەی بە گرنگی سەردانی شاندی هەرێمی كوردستان كرد، ئەوەی خستەڕوو یەكێك لە خاڵەكانی كارنامەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاسایی كردنەوەی پێوەندییەكان و بەهێزكردنی بوو لەگەڵ حكوومەتی عێراق، گوتی "ئەو سەردانەش، یەكەم هەنگاوە بە ئاراستەی ئەو بەڵێنە و ئاسایی كردنەوەی پێوەندییەكان لەگەڵ بەغدا، بۆیە سەردانەكە زۆر گرنگە هەم بۆ كوردستان و هەمیش بۆ عێراق، چونكە عێراق بێ هەرێمی كوردستان پڕۆسەی سیاسی جێگیر نابێت، كوردستانیش بێ بەغدا ناتوانێ بەردەوامی بدات بە پڕۆسەی ئاوەدانی".
زیاتر گوتی "لە كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك كۆمار، مەسروور بارزانی و بەرهەم ساڵح، تاوتوێی دۆسییەكانی دارایی، نەوت، ناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان و تەناهی كرد، سەرۆك كۆماریش پشتگیری تەواوی هەوڵەكان كرد، بێگومان چەند كۆمیتەیەكیش لەسەر پرسەكان پێكدەهێنرێت".
لە بارەی شكستپێهێنانی هەوڵەكانی حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر لەو سەردانەدا كە ماوەی پازدە رۆژی رابردوو هەوڵەكانی چڕ كردووتەوە بۆ شكستپێهێنانی حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی، بە وروژاندنی پرسی بودجە و نەوتی هەرێمی كوردستان، جێگری سەرۆكی پەرلەمان هێمای بۆ ئەوەكرد، سەردانەكەی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كردنەوەی دەرگای چارەسەری كێشەكان بە دیالۆگ، رێگرتنە لە گەڕانەوە بۆ تێكچوونی پێوەندییەكان، گوتی "دەبێت شەقامی عێراقی ئەوە بزانێت كە ئەگەر هەرێمی كوردستان پابەندی لەسەرە، ئەوا حكوومەتی عێراقیش دەبێت مافی هەرێمی كوردستان لە بودجە بدات، جگە لەمە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تەنیا پرسی نەوت و دارایی نییە، بەڵكو كۆمەڵێك پرسن كە دەبێت بەیەك پاكێج گفتوگۆیان لەسەر بكرێت، لەوانە لە ساڵانی رابردوو بەغدا بودجەی كوردستانی نەداوە، دەبێت ئەوە بخرێتەڕوو كە هەرێمی كوردستان چۆن بەڕێوەچووە، چۆن مووچەی دابینكردووە، ئەمانە دەبێت حیسابی بۆ بكرێت و لەو گفتوگۆیانە باس دەكرێت".
زیاتر گوتی "دەرئەنجامی ئەو سەردانە، پێكهێنانی كۆمیتەی هاوبەشی لێدەكەوێتەوە لە دیوە هونەرییەكە و یاساییەكە لە پرسی دارایی و نەوت و كێشەكانی تر، چونكە ئێستە ویستێك لە هەولێر و بەغدا هەیە بۆ چارەسەری كێشەكان، هەرێمی كوردستانیش هەنگاوی ناوە و لە بەغداش هەمان هەنگاو هەستی پێ دەكرێت".
دكتۆر بەشیر حەداد، لە بارەی پشتگیری موقتەدا سەدر سەركردەی هاوپەیمانی سائیروون كە لایەنێكی بەهێزی پێكهێنەری حكوومەتی عێراقە، دەڵێ، پشتگیری سەدر وەك كەسایەتی سیاسی كاریگەر لە شەقامی عێراقی، گرنگە بۆ پێشەوەچوونی گفتوگۆكان.
جێگری سەرۆكی پەرلەمان كە بەشداری لە دوا كۆبوونەوەی شاندی هەرێمی كوردستان دەبێت لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، روونی كردەوە، بەهۆی ئەوەی زۆرینەی سەرۆك فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە بەغدا نین بەهۆی پشووی پەرلەمان، بۆیە كۆبوونەوە لەگەڵ فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە كارنامەی شاندی هەرێمی كوردستان نییە.