عەمار حەكيم: بەرەی ئۆپۆزسیۆن زیاتر لە 100 ئەندامی تێپەڕاندووە

:: PM:03:48:16/07/2019 ‌
تا دێت بەرەی ئۆپۆزسیۆن لە عێراق فراوانتر دەبێت، دوای ئەوەی وەك یەكەم لایەن خۆی بە ئۆپۆزسیۆن ناساند، ئێستە پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن لە 20 ئەندامەوە بۆ زیاتر لە 100 ئەندام زیادیان كردووە. پەرلەمانتارێكی رەوتی حیكمە دەڵێ، زۆرێك لەو لایەنە سیاسییانەی سوودمەند نەبوون لە حكوومەت، دەیانەوێت پێوەندی بە ریزی ئۆپۆزسیۆن بكەن.

ئەمڕۆ سێشەم 16ی تەمووز، عەمار حەكیم سەركردەی رەوتی حیكمە كە یەكەم رەوتی ئۆپۆزسیۆنە لە كابینەی نوێی عادل عەبدولمەهدی، رای گەیاند، ژمارەی پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن بۆ زیاتر لە 100 ئەندام زیادیان كردووە.

رەوتی حیكمە كە خاوەنی 20 كورسی پەرلەمانییە، یەكەم هێزی سیاسییە لە حكوومەتی نوێی عێراقدا خۆی وەك لایەنێكی ئۆپۆزسیۆن ناساندووە، ئەمەش لە كاتێكدایە هێشتا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشتر و سەركردەی هاوپەیمانی نەسر، خۆی یەكلا نەكردووەتەوە لەوەی دەبێتە ئۆپۆزسیۆن یان پشتگیری لە عەبدولمەهدی دەكات، لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا، هەوڵەكانی چڕ كردووەتەوە بۆ شكستپێهێنانی حكوومەتەكەی عەبدولمەهدی و گەڕانەوەی وەك سەرۆك وەزیرانی.

جاسم بخاتی سەركردە لە رەوتی حیكمە گوتی "زۆرێك لەو لایەنە سیاسییانەی بەشدارییان لە حكوومەت نەكردووە، نزین لەوەی ببن بە ئۆپۆسیۆن".

زیاتر گوتی "ئەو لایەنانە زۆرن، لەوانە هاوپەیمانی نەسر بە سەرۆكایەتی عەبادی كە بەشێك نییە لە كابینەی عادل عەبدولمەهدی، بۆیە ئەگەر ئەو لایەنانە بێنە ریز ئۆپۆزسیۆن ئەوا ژمارەی پەرلەمانتارانی خۆیان لە 100 پەرلەمانتار زیاتر دەبن".


وشە - فه‌رمان سادق