ئەمەریكا رێگە بە هەناردنی نەوتی كەركووك بەرەو تەرابلس نادات

:: PM:05:22:16/07/2019 ‌

بەم دواییە پلانێك هاتە ئاشكراكردن كە بە نهێنی لە نێوان عێراق و سووریا و لبنان كاری لەسەر دەكرێت بۆ كاراكردنەوەی هێڵی گواستنەوەی نەوت لە نێوان كەركووك-تەرابلس بۆ گواستنەوەی نەوتی خاوی كێڵگەكانی كەركووك بەرەو دەریای سپی ناوەڕاست بە سووریا تێپەڕ دەبێت و لە بەندەرەكانی تەرابلسی لبنانی دێتە هەناردن. 

ئەو بابەتە لە مانگی حوزەیرانی رابردوو لە میانی سەردانی نەبی بەری، سەرۆكی پەرلەمانی لبنان بۆ بەغدا خرایە گفتوگۆ، كە یەكێكە لە كۆنترین هێڵی گواستنەوەی نەوت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەك موسەنا جەواری، كەسایەتی ئەكادیمی و ئەندازیاری نەوت لە زانكۆی مووسڵ باسی لێوە دەكات.

ئەو ئەندازیارە ئاماژە دەكات، لە ساڵانی 30ی سەتەی رابردوو بەردی بناغەی ئەو هێڵە نەوتییە هاتە دانان كە لە دوو بۆڕی بە قەبارەی 12 بۆسە بۆ گواستنەوەی نەوت لە نێوان كەركووك و شاری حەیفیای فەلەستین و شاری تەرابلس لبنانی پێك هاتبوو، بەڵام لە ساڵانی 50ی سەتەی رابردوو عێراق هێڵە نەوتییەكەی تەواو كرد لە رێگەی دامەزراندنی هێڵێكی تر كە توانای گواستنەوەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەبوو.

جەواری روونی كردەوە، ئەو هێڵە بەردەوام بوو لە گواستنەوەی نەوت بە شێوەیەكی پچڕ پچڕ، بەڵام بەهۆی ئەوەی سووریا لە كاتی جەنگی عێراق-ئێران وەك پاڵپشتی بۆ ئێران لە ساڵانی هەشتای سەتەی رابردوو هێڵەكەی داخست، لەو ساتەوە هێڵەكە داخراوە.  

تا ئێستە گفتوگۆ لە نێوان عێراق و سووریا و لبنان لەبارەی كردنەوەی بۆڕییە نەوتییەكە و كاراكردنەوەی بەردەوامە، فالح عەبد حەسەن، ئەندامی لیژنەی وزەی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، تا ئێستە زووە باسی بەكارخستنەوەی هێڵە نەوتییەكە بكەین و گفتوگۆكان لەو بارەوە لە سەرەتادان و پێویستی بە رێككەوتنێكی سیاسییە لە سەرەتا ئەگەر ئەوە كرا پێویست بە كاتێكی زۆر دەكات تا بەكار بخرێتەوە لە نۆژەنكردنەوەی بەتەواوەتی.

سەلیم مورتەزا، ئەندازیار لە كۆمپانیای هێڵەكانی گواستنەوەی نەوتی عێراق دووپاتی دەكاتەوە كە تا ئێستە رێنوێنی لە ئەنجوومەنی وەزیران یان وەزارەتی نەوت بۆ دەستكردنەوە بە نۆژەنكردنەوەی هێڵە نەوتییەكە نەهاتووە، لەبارەی دۆخی ئێستەی هێڵەكەوە گوتی، لە 2003ەوە تا ئێستە پشكنین بۆ شایستەیی ئەو لوولە نەوتییە نەكراوە، بۆیە پێشبینی دەكەین پێویستی بە نۆژەنكردنەوەی تەواوەتی هەبێت و لە ناو سووریا و لە عێراقیش زیانی زۆری بەركەوتووە. 

زۆرێك لە شارەزایانی بواری نەوت ئاماژە دەكەن كە زیادكردنی دەروازەكانی هەناردنی نەوت بۆ هەر وڵاتێك شتێكی باشە، فەیسەڵ غازی، شارەزای نەوتی عێراقی گوتی، ئەگەر هێڵی نەوتی كەركووك- تەرابلووس بەكار بخرێتەوە، دەبێتە بازدانێكی جۆری لە تێكڕای هەناردن، بەتایبەتی ئەگەر تواناكەی بگاتە 300 هەزار بەرمیلی رۆژانە و لە پاڵ هێڵەكانیتری ئوردن و توركیا پرۆسەی هەناردنی نەوتی عێراق ئاسانتر و زیاتر دەكەن، بەتایبەتی لە ئەگەری داخرانی گەرووی هورمز بەهۆی ناكۆكییەكانی ئەمەریكا و ئێران. هاوكات ئاماژەی كرد كە بەكارخستنی هێڵەكە پێویستی بە رێككەوتنی سیاسی هەیە و دوای ئەوە نۆژەنكردنەوەی. 

ماڵپەڕی "ئۆیڵ پرایس"ی بواری نەوتی ئەمەریكی لە راپۆرتێكی لەبارەی رەكارخستنی هێڵەكە لە حوزەیرانی رابردوو نووسیویەتی، بەكارخستنەوەی بۆڕی نەوتی كەركووك-تەرابلس كاریگەری سیاسی و ئابووری و ستراتیجی درێژخایەنی دەبێت سەبارەت بە وڵاتانی پێوەندیدار بەو بابەتەوە، ئاشكرای كرد كە ئێران و رووسیا رۆڵی گەورەیان هەیە لە هەوڵی كاراكردنەوەی ئەو هێڵە نەوتییە، كاتێك ئێران باڵادەستیی گەورەی سیاسی و تەناهی لە هەریەك لە عێراق و سووریا و لبنان هەیە، جگە لە رۆڵی سیاسی و ئابووری گەورەی رووسیا لە پیشەسازی دەرهێنان و هەناردنی نەوت لەو وڵاتانەدا.  

راپۆرتەكە ئاماژە دەكات كە هاتنی رووسیا بۆ ناو جەنگی سووریا لە پاڵ هێزەكانی بەشار ئەسەدی سەرۆكی سووریا، بووە خاڵێكی سەرەكی بۆ كۆنترۆڵكردنی ناوچەكانی پێویست بۆ بەكارخستنەوەی بۆڕی نەوتی كەركووك-تەرابلس.

راپۆرتەكە ئاماژە دەكات كە شانسی كۆمپانیای "رووس نەفت"ی رووسی لەو بارەوە باشە كاتێك پێوەندی بەهێزی لەگەڵ حكوومەتی عێراق هەیە و سەرپەرشتی چەند كێڵگەیەكی نەوت لە عێراق دەكات و لە لبنانیش گرێبەستی 20 ساڵی بۆ بەكارخستنی دامەزراوەكانی ئەمباركردنی نەوتی لە تەرابلس واژوو كردووە.

لە كۆتادا راپۆرتەكە ئاماژە دەكات كە ئەمەریكا لە بەرانبەر پلانی بەكارخستنی بۆڕییەكە دەستەوەستان ناوەستێت لەوكاتەی رووسیا و ئێران دەسەڵاتی خۆیان زیاتر لە ناوچەكە دەچەسپێنن، بۆیە پێشبینی كرد كە گفتوگۆكان بەردەوام بن تا باشتربوونی دۆخی تەناهی لە هەریەك لە سووریا و عێراق. 

هەر لەو بارەوە هاشم ساڵح، شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت، ئەمەریكا نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە خاڵی بەهێزی باڵادەستیی جیۆسیاسی خۆی دەزانێت و سەرەڕای بوونی دەیان كۆمپانیای نەوتی جیهانی لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام تا ئێستە كلیلی یارییكە بە دەستی ئەمەریكاوەیە. بۆیە ئەگەرێكی دوورە جارێكی تر بۆڕی نەوتی كەركووك-تەرابلس بەكار بخرێتەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل