دەستەی گەشتوگوزار چەندان شوێنی گەشتیاری بەنهێنی دەهێڵێتەوە

:: PM:05:43:16/07/2019 ‌
دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان چەندان شوێنی گەشتیاری بە نهێنی دەهێڵێتەوە لە ترسی گەشتیاری ناڕۆشنبیر، ئەویش هەوڵێكە بۆ پاراستنی ئەو شوێنانە. خاوەنی یەكێك لەو شوێنانە ئاشكرای دەكات، دوای بڵاوكردنەوەی ناوی شوێنێكی سنوورەكەیان، لە ماوەی هەفتەیەكدا هەشت تۆن زبڵ و پاشماوەی لێ‌ كۆكراوەتەوە.

ئازاد قاسم لە سنووری پشدەر خاوەنی زەوییەكی زۆرە و سروشتێكی جوان و گەلییەك لەناو زەوییەكەیدا هەیە. وەك خۆی دەڵێ "سنوورەكەمان هەمووی شوێنی گەشتیارییە، بەڵام ئەوەی جێی نیگەرانیی هاووڵاتییانی ئەو سنوورەیە، ڕۆژانە دەبێ بە تۆن پاشماوەی گەشتیاران لە دەم چەم و ڕووبارەكان كۆ بكەینەوە".

زیاتر ڕوونی كردەوە، "لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوو و لە ڕێی چەند بەرپرسێكی گەشتوگوزار و تۆڕەكانی كۆمەڵایەتییەوە، شوێنێكی گەشتیاری گوندەكەمان بڵاو كردەوە و چەندان وێنەمان دانا بۆ ئەوەی سەرنجی هاووڵاتییان بۆ ئەو شوێنە ڕابكێشین، كەچی بەداخەوە ئەو شوێنەی پێشتر جگە لە دانیشتووانی گوند كەس نەیدەزانی، ئێستە لە سروشتێكی جوانەوە بووەتە زبڵخانە".

"لە ماوەی یەك هەفتەدا بە پشتی گوێدرێژ و ماینەكانمان بڕی هەشت تۆن زبڵمان لەو شوێنانە كۆ كردووەتەوە و هێناومانەوە بۆ سنووری گوندەكەمان تا ئەو شوێنە بپارێزین، ئەو ڕێ خۆڵەیش كە خۆمان دروستمان كردبوو، تێكمان دا تا چیتر كەس سەردانی نەكات". خاوەنی شوێنەكە وای گوت.

هەرچی دەستەی گەشوگوزاری هەرێمی كوردستانە نایشارێتەوە كە چەندان شوێنی گەشتیاری هەن بەنهێنی هێشتوویانەتەوە و نایانەوێ هەموو كەسێك سەردانی بكات، ئەوەیش بەهۆی تێكدانی ئەو شوێنانە لەلایەن گەشتیارانەوە.

نادر ڕۆستی گوتەبێژی دەستەی گەشوگوزار، بۆ "وشە" ئاشكرای دەكات، "ناوچە گەشتیارییەكان دابەش كراون بۆ سێ‌ بەش، بەشی یەكەم ژمارەیان 170 شوێنە و بە فەرمی بڵاومان كردوونەتەوە، هەر كەسێك بیەوێت زانیاریی پێ دەدەین و خزمەتگوزاری بەردەوامی هەیە و هیچ كێشەیەكی نییە".

"بەشی دووەم ئەو شوێنانەن كە خزمەتگوزاری سەرەتایی تێدایە و ئێمە ئەو شوێنانەشمان بە هاووڵاتییان ئاشنا كردووە و هیچ كێشەیەكمان نییە و هەر كەسێك بیەوێت سەردانی بكات، زانیاری و ناونیشانی پێ دەدەین، ئەوەیش وەك هەوڵێكە بۆ خاوەن شوێنەكان تا پەرە بەو شوێنانە بدەن و پێشی بخەن و خزمەتگوزاری زیاتری بۆ دابین بكەن" رۆستی وای گوت.

"شوێنی سێیەم كە تا ئێستە نامانەوێ هەموو كەسێك سەردانی بكات و وەك سروشتێكی ئاسایی دەمانەوێت بمێنێتەوە، تەنیا ئەو گرووپە شاخەوانییانە نەبێت كە داوای شوێن دەكەن بۆ شاخەوانی یان بۆ كاری فۆتۆگرافی، ئێمە ناونیشانیان پێ دەدەین، بۆیە ئەو شوێنانە هیچ خزمەتگوزارییەكیان بۆ نابرێت، دەمانەوێ بۆ نەوەكانی دوای خۆمان پارێزراو بێت". گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار وای گوت.

هەرچی سەرۆكی ڕێكخراوێكی ژینگەپارێزە، پشتگیریی دەستەی گەشتوگوزار دەكات بۆ بەنهێنی هێشتنەوەی چەندان شوێنی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان، چونكە بەشێكیان دوای بڵاوكردنەوەی شوێنەكە، ئێستە بووەتە شوێنی پاشماوەكانی كارگەی پلاستیك و نایلۆن.
سامان برادۆستی سەرۆكی ڕێكخراوی هەواو و ژینگە ژیانە، بۆ "وشە" ئاشكرای دەكات، "لە ساڵی 2016 گەلی شێران لەلایەن دەستەی گەشتوگوزار و بەرپرسانی ژینگە بانگەشەی زۆری بۆ كرا، كەچی ئێستە سەردانی بكە، دەبینی لە ئاوێكی لێڵ و ژینگەیەكی پڕ لە پلاستیك و نایلۆن هاوشێوەی پاشماوەكانی كارگەیەكی بەرهەمهێنانی پلاستیك، هیچی لێ نەماوەتەوە".

"گەلی شێران بە ئاوە شین و جوانەكەی لەگەڵ بوونی ژمارەیەكی زۆر لە ماسی تایبەت سەرەتا ناوبانگی دەركرد، كەچی ئێستە تەنیا وێرانەیەكە و هیچیتر، ئەوەیش وایكردووە بەرپرسانی گەشتوگوزار بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ بڵاوكردنەوەی شوێنەكان بكەن" برادۆستی وای گوت.

سامان ئەوەیشی گوت، ئێستە ڕێكخراوەكەمان لەگەڵ گرووپێكی شاخەوانی، زیاتر لە 12 شوێنی نوێیان تۆمار كردووە كە كەس سەردانی نەكردووە، لە "پڕژێ‌" زیاتر بەفریان لێیە و ئاووهەوایان سازگارە و لە سەرەتای مانگی حەوت سەردانمان كردوون، پلەی گەرمی بەشەوان دوو بۆ پێنج پلە ژێر سفرە و ئەگەر ئەو شوێنانە ناوەكەیان و ناونیشانیان بڵاو بكرێتەوە، بێگومان ساڵی داهاتوو كارەساتی ژینگەیان تێدا ڕوو دەدات. 

لای خۆیەوە فۆتۆگرافەرێك ڕوونی دەكاتەوە كە لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستان شوێنی تایبەت هەیە كە دارستانی سروشتی و ژیان بە سروشتی خۆی دەڕوات تێیدا.

ئازاد محەمەد فۆتۆگرافەری دیمەنی سروشتی، بۆ "وشە" گوتی، "تا ئێستە زیاتر لە 400 فۆتۆی جۆراوجۆر و دەگمەن لە سروشتی كوردستان لە دەزگە جیهانییەكان بڵاو بوونەتەوە كە سەرجەمیان لە شوێنە دەگمەنەكانی كوردستان گیراون، سروشتەكەی وایە كە مرۆڤ هێندە سەردانی نەكردووە".

"دوای بڵاوبوونەوەی وێنەكان، چەندان تیمی بیانی و فۆتۆگرافەری جیهانی سەردانی ئەو شوێنانەیان كردووە بۆ ئەوەی وێنەی تایبەتی تێدا بگرن، بۆیە پاراستنی ئەو شوێنانە بە پێویست دەزانم تا سەرنجی توێژەران و فۆتۆگرافەران ڕابكێشێت". ئەو فۆتۆگرافەرە وای گوت.



وشە - رامیار جەواد