بایكۆتی خەمیس خەنجەر وەزارەتی پەروەردە دەكاتە دۆزەخی ژنان

:: PM:05:46:16/07/2019 ‌
ململانێ و ناكۆكی و یەكتر شكاندنی سیاسی ناوماڵی سوننە و نێوانی هێزە سیاسییەكان، بووەتە مۆتەكە بە چارەنووسی تاكە كاندیدی ژنی كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی و تا ئێستە چوار ژن شكستیان هێناوە لە بوون بە وەزیر. "ویساڵ عەزاوی" ئەگەرچی چانسی زۆری هەیە، بەڵام دووریش نییە ببێتە پێنجەم ژنی شكستخواردوو. ژنە پەرلەمانتارێك دەڵێ، ئەوەی روو دەدات پێوەندی بەوەوە نییە كە دەنگ بە ژنەكە نادرێت.

چاوەڕوان دەكرێت لە ماوەی نزیكی داهاتوودا پەرلەمانی عێراق پێشوازی لە پێنجەمین ژنە كاندیدی وەزارەتی پەروەردە بكات، ئەمە لە كاتێكدایە لیستەكانی ناو پەرلەمان رێككەوتوون دژی هەر كاندێك بن كە خەمیس خەنجەر سەركردەی "پرۆژەی عەرەبی" كاندیدیان بكات.

بەپێی دابەشكاری پۆستەكان، وەزارەتی پەروەردە پشكی سوننەیە لەسەر پارێزگای مووسڵ، لەمەشدا بەر پڕۆژەی عەرەبی كەوتووە كە خەمیس خەنجەر سەركردایەتی دەكات. 

سەبا ئەلتائی یەكەم كاندیدی ژن بوو بۆ ئەو پۆستە كە لە مانگی كانوونی یەكەمی رابردوو لەلایەن عەبدولمەهدی پێشكەش بە پەرلەمان كرا و شكستی هێنا، هەمان مانگ شەیما ئەلحیالی كاندید كرا و متمانەی پەرلەمانتارانیشی بەدەست هێنا، بەڵام دواتر ناچار بە دەست لەكاركێشانەوە كرا بەهۆی ئەوەی براكەی پێوەندی لەگەڵ داعش هەبووە.

سفانە ئەلحەمدانی سێیەم كاندیدی ژن بوو كە لە مانگی حوزەیرانی رابردوو پێشكەش بە پەرلەمان كرا، تەنیا پێویستی بە 10 دەنگ هەبوو بۆ ئەوەی متمانەی پەرلەمانتاران بەدەست بێنێت، بەڵام نەیهێنا، دوای ئەویش زاهیدە عوبێدی كاندید كرا، ئەمیان تەنیا 20 دەنگی بەدەست هێنا كە كەمترین دەنگ بوو بە بەراورد بە سێ كاندیدەكەی تر.

ئێستە قسەوباس لەسەر ویساڵ عەزاوی هەیە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكان ناوی ناهیدە داینی پەرلەمانتاری دیالە كەوتوەتە ناوان، هەرچەندە پێ دەچێ ویساڵ و ناهیدە و هەموو ئەوانەی لەسەر لیستی پڕۆژەی عەرەبی كاندید دەكرێن، بەهۆی بایكۆتی لیستەكانی پەرلەمان لەسەر ئەو لیستە، بە ئاگری خەمیس خەنجەر بسووتێن، لە كاتێكدا لە كۆی 329 پەرلەمانتار، 84یان كۆتای ژنن، بەڵام ئەوانیش لەبەر پابەندییان بە سیاسەتی لیستەكانیان پشت لە ژنە كاندیدەكان دەكەن.

هەیفا ئەلئەمین پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیروون، بە"وشە" دەڵێ، كێشەكە لەوەدا نییە ئێمەی ژن دەنگ بە تاكە كاندیدی ژنی كابینەی حكوومەت نادەین، بەڵكو لەوەدایە ناكۆكی لەگەڵ ئەو لیستە هەیە كە ژنەكان كاندید دەكات كە هیچ لیستێكی پەرلەمانی لەگەڵی كۆك نییە.

هەیفا گوتی "هەر دەبێ ژنێك بكرێت بە وەزیری پەروەردە، ئەوە یەكلا كراوەتەوە. هیوادارین ژنێك كاندید بكرێت پشتگیری لایەنەكان بەدەست بهێنێت و رێككەوتنیش لە نێوان لایەنەكان هەبێت بۆ متمانەپێدانی، بەڵام ئەگەر پیاویش بێت لەسەر لیستی خەمیس خەنجەر دەنگی پێ نادرێت". 

ئاماژەی دا "كێشەكە هەر لەناو ماڵی سوننە نییە، بەڵكو زۆرینەی لیستە سیاسییەكان دژی كاندیدی پرۆژەی عەرەبین كە خەنجەر سەركردایەتی دەكات".

هەیبەت حەلبووسی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی قەراری عێراقی كە لایەنێكی سونین، دووپات لە بۆچوونی پەرلەمانتارەكەی هاوپەیمانی سائیروون دەكاتەوە، بەوەی بابەتەكە پێوەندی بەو ژنانە نەبووە كە پەرلەمان متمانەی پێ نەداون، بەڵكو پێوەندارە بەو كەسەی ژنەكانی كاندید كردووە كە خەمیس خەنجەرە.

ئەو گوتی "هەموو لیستەكان، بەتایبەت لیستە شیعەكان رەتی دەكەنەوە دەنگ بە كاندیدێك بدەن خەمیس خەنجەر دەستنیشانی كردبێت، بۆیە تا وەزارەتی پەروەردە بەدەست خەمیس خەنجەر بێت، هیچ كاندیدێك لە پەرلەمان متمانە وەرناگرێت، بەڵام ئێستە قسە لەسەر ئەوە هەیە كە سەرۆك وەزیران سەرپشك كراوە لە دەستنیشانكردنی كاندیدێك بێ دەستوەردانی خەمیس خەنجەر".

لەبارەی ویساڵ عەزاوی كە دەنگۆی كاندیدبوونی هەیە، هەیبەت روونی كردەوە، ویساڵ وەك كاندیدی خەمیس خەنجەر بێتە پەرلەمان، وەك چوار ژنەكەی تر شكست دێنێت و متمانەی پێ نادرێت.

بەپێی كۆتای 25%، 84 پەرلەمانتاری ژن لە عێراق هەن، ئەگەر وەك ژن پشتگیری لە تاكە كاندیدە ژنەكە بكەن ئەگەری سەركەوتنی زۆر دەبوو، بەڵام ئەوان نایشارنەوە كە پابەندی سیاسەتی فراكسیۆنەكانیان دەبن.

لەو 84 ژنەی پەرلەمان، لە كوردستان زۆرینەی ژنەكان بە دەنگی خۆیان و بێ كۆتا گەیشتنە پەرلەمان، بەڵام لە پارێزگاكانی تری عێراق تەنیا یەك ژن بە دەنگی خۆی بووەتە پەرلەمانتار و ئەوانیتر هەموویان لەسەر پشكی كۆتا بوونەتە ئەندامی پەرلەمان.

مەیادە نەجاڕ پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان هاوشانی پەرلەمانتارەكانی تر دووپاتی دەكاتەوە كە بابەتەكە پێوەندار نییە بەو ژنانەی كاندید كراون، بەڵكو بەستراوەتەوە بە بایكۆتی لیستەكان بۆ خەمیس خەنجەر. زیاتر گوتی "سیاسەت لە بەغدا جیاوازە لە كوردستان، ئەگەر كاندیدێك رێككەوتنی تۆكمەی لەسەر نەبێت، ئەوا دەنگی پێ نادرێت".
مەیادە بە"وشە"ی راگەیاند "خەمیس خەنجەر تا ئێستە سەركەوتوو نەبووە، چوار كاندیدی پێشكەش كردووە و شكستی هێناوە، بۆیە دەبێت سازش لەو وەزارەتە بكات".

لە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی، لە كۆی 22 وەزارەت تەنیا وەزارەتی پەروەردە بۆ ژنان دانراوە كە تا ئێستە چوار ژن بە ئاگری بایكۆتی سەر خەمیس خەنجەر لەو وەزارەتە سووتاون. بەڵام هەرێمی كوردستان كە حكوومەتەكەی تازە دروست بووە، لە 19 وەزارەت سێیان ژن كراوە بە وەزیر.
پەرلەمانتارەكەی پارتی پێی وایە روانینی كوردستان و بەغدا بۆ ژن جیاوازە، سەركردایەتی هێزە سیاسییەكانی كوردستان باوەڕیان بە بەشداری و توانای ژن هەیە، بەڵام لە عێراق ئەو بڕوایە نییە، ئەمەش بە ئاشكرا لە كۆتای ژنان رەنگی داوەتەوە و لە كۆی زیاتر لە 70 پەرلەمانتاری ژنی شارەكانی تری عێراقی، تەنیا یەك دانەیان بە دەنگی خۆی گەیشتووەتە پەرلەمان.









وشە - فه‌رمان سادق