لە بەرانبەر ئەو لێدوان و هەوڵە جیاوازانەی بەشێك لە عەرەب و توركمانەكانی كەركووك بۆ پەكخستنی دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركووك و ئاساییكردنەوەی دۆخی شارەكە، دوو ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژە دەكەن كە كورد لە كەركووك كەوتوونەتە بەر هێرشێكی گەورەی شۆڤینی و دووپاتی دەكەنەوە كە هەڵبژاردن دیاری دەخات كە كێ لە كەركووك زۆرینەیە.
رێبین سەڵام، ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان لەو بارەوە گوتی، ئەو لێدوانانەی بەشێك لە هێزە سیاسییەكانی كەركووك لەبارەی ناڕازیبوونیان بە دیاریكردنی كاندیدێكی كورد بۆ پۆستی پارێزگار، ئەوپەڕی شۆڤینیەتی تیادایە و چەند لایەنێكی لەپشتە كە لە گەڕانەوەی كورد بۆ كەركووك دەترسن.
زیاتر گوتی، ئەوانەی كورد بە داعش دەچوێنن، چەند لایەنێكی سەر بە حزبی بەعسیان لەپشتە و هەوڵی سڕینەوەی كورد لە كەركووك دەدەن، لەو كاتەی یاسا و دەستوور هەیە بۆ پاراستنی هەموو پێكهاتەكان بەكوردەوە، بەڵام بەردەوامیان كۆتاییەكی مەترسیداری هەیە، بۆیە هیوایەك بە پێكهاتە رەسەنەكانی شارەكە هەیە كە نایانەوێت تووشی نەهامەتی بێتەوە.
لە ماوەی رابردوودا سەرۆك مەسعوود بارزانی، وەك هەمیشە دووپاتی لەسەر كوردستانیبوونی كەركووك و ئامادەیی كورد بۆ چارەسەركردنی دۆخی ئەو پارێزگایە لەسەر بنەمای دەستووری عێراق كردەوە، لە بەرانبەردا قەیس خەزعەلی، سەركردەی گرووپی عەسائیبی حەشدی شەعبی، باسی لە عێراقیبوونی كەركووك كرد، بەر لەویش بەشێك لە عەرەبی كەركووك خۆپێشاندانیان كرد و نەیاریان بۆ دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركووك پێشاندا.
مەهدی عەبدولكەریم، ئەندامێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە میانی پڕۆگرامێكی تەلەڤزیۆنی كەناڵی ئاسمانی "عەهد"، رای گەیاند، هەوڵ و ئاراستەیەكی دیار هەیە بۆ گۆڕینی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، كە ئەوە بەشێكە لە هێرشەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان و یەكێك لە هێزەكانی خۆی وەك ئۆپۆزسیۆن پێشان دەدات هەوڵی وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەدات.
زیاتر گوتی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ناچاری نەوت هەناردە دەكات بۆ دابینكردنی مووچە و بژێوی خەڵك، چونكە لە 2004ەوە بودجەی هەرێمی كوردستان وەك پێویست ناگات، لەبارەی كەركووكیشەوە ئاماژەی كرد كە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەری دەخات كە كێ لەو پارێزگایە زۆرینەیە.
ئەمڕۆ سێشەم پارتە كوردستانییەكان لە كەركووك لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەركۆنەی بەرزبوونەوەی ئەو دەنگە نەشازانەیان كرد كە لە میانی خۆپێشاندانی بەشێك لە پێكهاتەی عەرەبی كەركووك لە دژی كاندیدكردنی تەیب جەبار، وەك كاندیدی نوێی پارێزگاری كەركووك لە پشكی كورد دروشمیان بەرز كردبووەوە و دانانی لە شوێنی راكان جبووری، كە لەلایەن بەغدا لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر بە وەكالەت بۆ بەڕێوەبردنی پۆستەكە دیاری كرا بوو.