عەبدولمەهدی: مەسروور بارزانی نیازی راستەقینەی چارەسەركردنی كێشەكانی هەیە

:: PM:08:05:16/07/2019 ‌

دوای ئەوەی ئەمڕۆ شاندی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسروور بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم گەیشتە بەغدا و لەگەڵ هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق كۆ بووەوە، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رای گەیاند كە مەسروور بارزانی دووپاتی بوونی نیازی راستەقینەی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە چوارچێوەی دەستوور كردووەتەوە.

ئەمڕۆ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەغدا لە دوای كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، كۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەی ساز كرد و تیایدا تیشكی خستە سەر چەند پرسێكی گرنگ پێوەست بە دۆخی عێراق و ناوچەكەوە.

عەبدولمەهدی دووپاتی كردەوە كە مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتی لە بوونی نیازی راستەقینە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدای لە چوارچێوەی دەستووری عێراق كردەوە.

ئەمڕۆ دوای دیداری عەبدولمەهدی و مەسروور بارزانی لە بەغدا، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، لە دیدارەكەدا عەبدولمەهدی پێشوازی لە پێكهاتنی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد و پیرۆزبایی لە مەسروور بارزانی كرد بە بۆنەی هەڵبژاردنی وەك سەرۆكی حكوومەتی هەرێم.

زیاتر ئاماژەی كرد، حكوومەتی فیدراڵ پێشوازی لە كەشوهەوای هاریكاری و لێكگەیشتن لەگەڵ حكوومەتی هەرێم و حكوومەتە ناوخۆییەكان دەكات بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشەكان بۆ بەرژەوەندی عێراق و لە چوارچێوەی دەستوور. 

لای خۆیەوە مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێم ئامادەیی حكوومەتەكەی پێشان دا بۆ كاری هاوبەش و هاریكاری زیاتر بۆ بەهێزكردنی پێوەندییەكان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشە هەڵپەسێردراوەكان لەسەر بنەمای دەستووری عێراق.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل