ژمارەیەك وەبەرهێن بەهۆی ئەوەی پڕۆژەكانیان جێبەجێ نەكردووە زەویەكانیان لێ وەرگیراوەتەوە و بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی سلێمانی رای دەگەیەنێت، ئەو پڕۆژانەی خزمەتگوزاریەكانیان ئەنجام نەدرابوون وەبەرهێنەرەكان دەستیان بە ئەنجامدانی كردووەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەم 16ی تەمووز، عەزیز سەعید بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو وەبەرهێنەرانەی كە زەویان پێدرابوو بۆ ئەنجامدانی پرۆژە بەهۆی ئەوەی دەستیان بە جێبەجێكردن و كاركردن لە پرۆژەكە نەكردبوو زەویەكانیان لێ وەرگیرایەوە.
زیاتر گوتی، لە ماوەی رابردوودا ژمارەیەك وەبەرهێنەر زەویان وەرگرتبوو بۆ پرۆژەكانیان، بەڵام كاریان لەسەر پرۆژەكە نەكردوو، پێنج پرۆژە بەو هۆكارە لە وەبەرهێنەرەكان وەرگیرایەوە.
لای خۆیەوە رەمەزان نامیق ئەندامی لیژنەی پڕۆژەكان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، لە سلێمانی زیاتر لە 20 پڕۆژەی نیشتەجێ بوون كە دروستكراون هیچیان گرنگیان بە خزمەتگوزاری ناو پرۆژەكە نەداوە وەك بازاڕ و یاریگا و دوكانەكان.
روونیشی كردەوە كە بەپێی بڕیارێكی دەستەی وەبەرهێنان ئەو وەبەرهێنەرەی كە زەوی خزمەتگوزارییەكانی ناو پرۆژەكەی دروست نەكردبێت ئەگەر لە ماوەی ساڵێكدا دەست بە جێبەجێكردنی ئەو خزمەتگوزاریانە نەكات زەوی ناو پرۆژەكە كە تایبەتە بە خزمەتگوزاری لە وەبەرهێنەرەكە وەردەگیرێتەوە و دواتر لە رێگەی موزایەدە دەدرێتە وەبەرهێنەرێكی تر.
لەماوەی ڕابردوو كەرتی وەبەرهێنان لە سلێمانی بەرەو دۆخێكی خراپ ڕۆیشت بەهۆی ئەوەی ژمارەیەكی زۆر لە وەبەرهێنەران كارەكانیان جێهێشتبوو.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی