هەوڵی كردنەوەی كونسوڵخانەی ئێران لە دەشتی نەینەوا دەدرێت

:: PM:09:14:16/07/2019 ‌

گوتەبێژ بەناوی هۆزە عەرەبییەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان ئاشكرای دەكات كە ئامادەسازییەكان تەواو بوونە بۆ كردنەوەی كونسوڵخانەی ئێران لە شارەدێی بەرتلە لە چوارچێوەی ناوچە كێشەلەسەرەكان لە سنووری دەشتی نەینەو.

موزاحم ئەحمەد حوێت، ئەمڕۆ سێشەم بۆ "وشە" ئاماژەی كرد، ئەو كارە لەسەر داوایەكی فەرمی ئەنجوومەنی پیاوماقوڵانی دەشتی نەینەوا دەكرێت كە لەلایەن میلیشیاكانی لیوای 30ی سەر بە حەنین قەدۆ، پەرلەمانتاری "فەتح"، پاڵپشتی كراون، ئەوان داوای كردنەوەی كونسوڵخانەی ئێرانیان لەو ناوچەیە كردووە كە بەشێكە لە سیاسەتی بەشیعەكردن و كردنی بە بنكەیەكی هەواڵگری ئێران.

حوێت روونی كردەوە، ئەمڕۆ هەوڵ و داواكاری لەلایەن گرووپێكی حەشدی شەعبی هەیە، بۆیە وەك هۆزە عەرەبییەكانی ناوچەی كێشەلەسەرەكان ئەو بابەتەمان رەت كردووەتەوە و بەلایەنی ئەمەریكی و رێكخراوەكانی نێودەوڵەتیمان راگەیاندووە كە نابێت ئەو كونسوڵخانە بكرێتەوە، بەتایبەتی كە مەبەستەكەی دیارە لە بەشیعەكردنی ناوچەكە و كردنیەتی بە بنكەیەكی هەواڵگری بۆ ئێران.

زیاتر گوتی، ئەوان ماوەیەكە كار لەسەر ئەو بابەتە دەكەن، چونكە دەترسن كونسوڵخانەكە لەناو شاری مووسڵ بكەنەوە نەوەك بكرێتە ئامانج و لە ناوچەی بەرتلە كۆنترۆڵی زیاتریان هەیە، دووپاتی كردەوە، پێشبینی دەكەین حكوومەتی عێراق بە كردنەوەی رازی بێت، چونكە ناتوانێت هیچ داوایەكی پێوەست بە ئێران رەت بكاتەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل