هۆزە عەرەبییەكان: سەردانەكەی مەسروور بارزانی هیوایەكی گەورەیە بۆ ئاوارەكان و ئاساییبوونەوەی دۆخەكە

:: PM:09:30:16/07/2019 ‌

هۆزە عەرەبییەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان پێشوازی لە سەردان و گفتوگۆكانی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا دەكەن و دووپاتی دەكەنەوە كە سەردانەكە هیوایەكی گەورە بۆ ئاساییبوونەوەی پێوەندییەكان و دۆخەكە دەبەخشێت.

ئەمڕۆ سێشەم شانێكی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسروور بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق كۆبووەوە.

موزاحم ئەحمەد حوێت، گوتەبێژی هۆزە عەرەبییەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان لەو بارەوە بە "وشە"ی راگەیاند، پێشوازی و پاڵپشتی لەو سەردانە دەكەین و هیوایەكی گەورەی تیادا دەبینین بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان و رووبەڕووبوونەوەی باشتری رێكخراوی داعش.

زیاتر گوتی، هەروەها سەردانەكە وا دەبینین كە چاوخشاندنەوە و زیندووكردنەوەی رێككەوتننەكانە لە نێوان هەردوو حكوومەتی بەغدا و هەولێر و كۆتاییهێنانە بە ناكۆكییەكانی سەردەمی حكوومەتی پێشووی عێراق كە لەگەڵ هەرێم هەبوون.

حوێت روونی كردەوە، ئەو سەردانەی مەسروور بارزانی و كۆبوونەوەكانی لەگەڵ هەرسێ سەرۆكایەتی عێراق پەیامێكە بەوەی كوردستان خێر و خۆشی بۆ هەمووان دەوێت و لەگەڵ ناكۆكی و جەنگ نییە، بۆیە رژدییەكی دیار هەیە و كاری زۆر كراوە و بابەتەكان كۆتاییان پێ هاتووە لە نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان، ئێستە باسەكان لەسەر چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی داعش و گەڕانەوەی ئاوارەكان و دابەشكردنی دەسەڵاتەكانە لە نێوان هەردوولا.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل