پەرلەمانتارێكی فەتح: سەردانەكەی مەسروور بارزانی هەنگاوێكی باش بوو

:: PM:10:37:16/07/2019 ‌

پەرلەمانتارێكی عێراق لە هاوپەیمانی "فەتح" دووپاتی كردەوە كە سەردانەكەی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و شاندی هاوەڵی بۆ بەغدا، هەنگاوێكی زۆر باش بوو و هیوادارین بگەین بە رێككەوتن و ناكۆكییەكانی رابردوو تێپەڕ بكەین.

ئەمڕۆ سێشەم 16ی تەمووز، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان بە سەرۆكایەتی شاندێك سەردانی بەغدای كرد و كۆبوونەوەی لەگەڵ هەرسێ‌ سەرۆكایەتییەكەی عێراق ئەنجام دا.
محەمەد كەریم، پەرلەمانتاری عێراق لەبارەی پێوەندییەكانی بەغدا و هەولێر بە "وشە"ی گوت، كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا پێویستی بە چارەسەر و پابەندی سیاسییەوە هەیە لەبارەی هەموو ئەو كێشانەی هەن هەر لە نەوتەوە تا ناوچە كێشەلەسەرەكان و كەركووك و دابەشكردنی پۆستەكانیش، بۆیە هەموو ئەوانە بەیەكجار چارەسەر دەبن.

زیاتر گوتی، پێم وایە مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بەرپرسانی تری هەرێمەكە كە گەنجن، بە گیانێكی نوێوە مامەڵە لەگەڵ كێشەكان دەكەن دوور لە هەر دەمارگیرییەك، بۆیە پێویستە بۆ سەرخستنی هەوڵەكان حكوومەتی هەرێم هەنگاوی رژد باوێت.

ئەو پەرلەمانتارە دووپاتی كردەوە، لە رابردوودا ترازانێكی سیاسی رووی دا و پێویستە ئەمڕۆ كار بۆ چاككردنی دۆخەكە بكەین، خەڵكی كوردستان عێراقین و ئەوان نوێنەریان لە پەرلەمانی عێراق هەیە و پۆستی باڵایان لە عێراق هەیە وەزیرانی دارایی و شارەوانی و داد و سەرۆك كۆماری عێراق كوردن، بۆیە هیوادارین مامەڵەی هەردوولا ئەرێنی بێت و بەرەو چارەسەری هەنگاو بنێین.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل