لە شەش مانگدا 69 كەس لە كەركووك خۆیان كوشتووە

:: PM:05:26:17/07/2019 ‌
تا دێت هەوڵەكانی خۆكوشتن و ئامارەكانی لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق روو لە زیاد بوون دەكات، لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا خۆكوشتن لەناو ژنانی كەركووك زیادی كردووە. ناوەندی مافەكانی مرۆڤ لە عێراق دەڵێ، لە شەش مانگی رابردوو 69 كەس خۆیان كوشتووە كە زۆرینەیان ژنن.

ئەمڕۆ چوارشەم 17ی تەمووز، ناوەندی مافەكانی مرۆڤ لە عێراق ئاشكرای كرد، لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا تەنیا لە پارێزگای كەركووك 69 كەس خۆیان كوشتووە و حەوت كەسیش هەوڵی خۆكوشتنیان داوە.

ناوەندی مافەكانی مرۆڤ لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوە كردووە، زیاتر لە 50%ی ئەوانەی خۆیان كوشتووە، ژنانن لە هەموو تەمەنە جیاوازەكاندا، تەنانەت ژنی وەها هەبووە تەمەنی تەنیا 18 ساڵان بووە كە خۆی كوشتووە.

راگەیاندنی ئاماری خۆكوشتن لە كەركووك لە كاتێكدایە، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا خۆكوشتن لەناو عێراقییەكاندا تا ئەندازەی مەترسی زیادی كردووە، لایەنە پێوەندارەكانیش هۆكارەكەی بۆ بەرزبوونەوەی رێژەی بێكاری لەنێو گەنجان و هەژاری و بێ ئومێدی دەگەڕێننەوە، بۆ ئەمەیش لە ماوەی رابردوودا حكوومەتی عێراق هەندێك رێكاری گرتەبەر بۆ رێگرتن لە خۆكوشتن، لەوانە بەرزكردنەوەی بەربەستی پاراستن و كەوتنی سەر پردەكانی رووباری دیجلە و فوڕات لە بەغدا، كە خۆكوشتن و خۆهەڵدانە ناو رووباری دیجلە و فوڕات لەلایەی گەنجانی شارەكە نزیك دەبووەوە لە دیارە.

هاوكات لە ماوەی رابردوودا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا دەیان گرتەی خۆكوشتنی گەنجان لەسەر پردەكان یان خواردنەوەی ژەهر یان خۆ بە پەت هەڵواسین، یانیش خۆسووتاندن بڵاوكرانەوە، پاڵنەری هەموویشیان بۆ خۆكوشتن خراپی دۆخی كۆمەڵایەتی و بێكاری و هەژاری بوو.


وشە - فه‌رمان سادق