پەرلەمانتارێكی كورد: پۆستی سوپاسالاری عێراق بۆ كورد گرنگە و هەوڵی رژدی بۆ دەدەین

:: PM:07:54:17/07/2019 ‌

بەپێی دابەشكردنی پۆستەكان لە دەوڵەتی عێراق سوپاسالاری كورد بەشی كورد بووە و ئێستە فەرماندەیەكی سەربازی عێراقی ئەو پۆستە بەڕێوە دەبات، لەو ناوەدا بەشێك لە پەرلەمانتارانی شیعە ئاماژە دەكەن كە رێگە نادەن بە كورد بدرێتەوە، پەرلەمانتارێكی كوردیش دووپاتی دەكاتەوە كە ئەو بابەتە مایەی گفتوگۆیە و هەوڵی رژدی بۆ دەدەن.  

د ناسڕ یووسف، پەرلەمانتاری عێراق و ئەندامی لیژنەی ئاسایش بەرگری بۆ "وشە" ئاماژەی كرد، نەوەك تەنیا ئەو پۆستە، پێویستە وەك كورد باسی هەموو ئەو پۆستانە بكەین كە پشك و مافی كوردن لە حكوومەت و دەوڵەتی عێراق، ئێمە لە حكوومەتێكی فیدراڵین لە عێراق و مافی خۆمانە بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن بۆستمان لە بەغدا لە دامەزراوە سەربازی و مەدەنییەكان پێ بدرێت.

زیاتر گوتی، پێدانی ئەو پۆستە بە كورد یان پۆستەكانیتر دەوەستێتە سەر رێككەوتن و گفتوگۆی فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمانی عێراقی و لەو رێگەوە پۆستەكان دابەش دەكرێن، مەرج نییە ئەو پۆستانەی پێشتر هی ئێمە بووە وەك كورد، ئەوجارەش بۆ ئێمە بێت، تۆ لە گفتوگۆكان داوای پۆستەكانی بەشی خۆت دەكەیت.

یووسف دووپاتی كردەوە كە بێگومان پۆستی سوپاسالاری عێراق بۆ كورد زۆر گرنگە و هەوڵێكی رژدی بۆ دەدەین، چونكە پێشتر پشكی كورد بووە، ئاماژەی كرد كە ئەو دەنگانەی باسی رێگریكردن لە پێدانەوەی پۆستەكە بە كورد دەكەن، بێ زانیاری و بنەما دەكرێن و بۆچوونی كەسین و هی فراكسیۆنەكانی پەرلەمان نین، هەموو پۆستەكان جێی ئەوەن گفتوگۆیان لەسەر بكرێت، هاوكات مەرجیش نییە ئێمە ئەوەی دەمانەوێت بتوانین بەدەستی بێنین.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل