لە سلێمانی 30% ئاوی پاك بەفیڕۆ دەچێت

:: PM:08:18:17/07/2019 ‌
لە پارێزگای سلێمانی لە سێ پڕۆژەوە ئاوی خاوێن بەرهەم دەهێنرێت و ڕۆژانە زیاتر لە 300 هەزار مەتر سێجا ئاو بەرهەم دەهێنن و بە ڕێژەی 25-30٪ ئەو ئاوە بەرهەمهاتووە خاوێنە بەفیڕۆ دەچێت.

ئامانج جەلال گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتی ئاوی سلێمانی، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ڕێژەی بەفیڕۆدانی ئاوی خاوێن ڕووی لە زیادبوونە بەجۆرێك 25 بۆ 30٪ ئەو ئاوەی لە پڕۆژەكانەوە بەرهەمدێت بەفیڕۆ دەدرێت لەلایەن هاووڵاتییان و ئەو شوێنانەی بە شێوەی نایاسایی ئاویان ڕاكێشاوە.

زیاتر گوتی، لە شاری سلێمانی ڕۆژانە 300 بۆ 350 هەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێن لە پرۆژەكانەوە بەرهەم دێت كە لە ڕێگەی سێ پرۆژەوەیە ئەوانیش ھێڵی یەك و دووی دوكان-سلێمانی و ھێڵی ئاوی سەرچنار، و 80٪ گەڕەكەكانی شاری سلێمانی ڕۆژ ناڕۆژێك ئاوی خاوێنی پێ دەگات .

لای خۆیەوە شوان جاف سەرۆكی ڕێكخراوی خاوێن دۆستی ژینگە، باس لە مەترسییەكانی بەفیڕۆچوونی ئاوی شیرین یا ئاوی خواردنەوە دەكات و بۆ "وشە" دەڵێت، لە ساڵی 2015 توێژینەوەیەكمان كرد لەسەر ئاوی دەریاچەی دوكان و لە ڕاپۆرتێكی 55 لاپەڕەییدا مەترسییەكانی نەمانی ئاو لە ڕووی بایۆلۆجی و كیمیایی تێدا باسكراوە، لە توێژینەوەكەدا بۆمان دەركەوتووە كە سیستەمی ئاوەڕۆی شارەكان لە ڕووی ڕیسایكڵینەوە زۆر خراپە و پاشەڕۆكان بە ڕێژەیەكی زۆر لە زەردەشتی ئێرانەوە تا دەریاچەی دوكان تێكەڵ بە ئاوەكان دەبێت، كە ئەمە یەكێكە لە مەترسیدارترین هۆكارەكانی دروستبوونی خانە شێرپەنجەییەكان لە لەشی مرۆڤدا.

ئەوە لەكاتێكدایە كە چەند ڕۆژێك بەر لە ئێستە هەڵمەتێكی هۆشیاركردنەوە بۆ پاراستنی ئاو لە سلێمانی بەرێوەچوو.

سلێمانی/  ئاریان محەمەد



وشە - سه‌رخێڵ هاشم