پەرلەمانی كوردستان دەرگای پاڵاوتن بۆ دەستەكانی مافی مرۆڤ و دەسپاكی دەكاتەوە

:: PM:08:24:17/07/2019 ‌
دوای تێپەڕبوونی چوار ساڵ بەسەر تەمەنی یاسایی دەستەی مافی مرۆڤ و دوو ساڵ بەسەر دەستەی دەسپاكی، پەرلەمانی كوردستان، دەرگای پاڵاوتن بۆ هەردوو دەستەكە دەكاتەوە. بڕیاردەری لیژنەی یاسایی دەڵێ، لە دانیشتنەكانی داهاتووی پەرلەماندا ئەو پرسە لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمان تاوتوێ دەكەن بۆ كۆتایی هێنان بە ماوەی بەسەرچوونی یاسایی هەردوو دەستەكە.

ئەمڕۆ چوارشەم 17ی تەمووز، جەلال محەمەد بڕیاردەری لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان، بۆ "وشە" ئاماژەی بەوەدا، بەهۆی سەرقاڵی پەرلەمان بە هەموواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و متمانەدان بە كابینەی نۆیەمی حكوومەت، دەرفەتی ئەوە نەبووە تاوتوێی ماوەی بەسەرچوونی یاسایی هەردوو دەستەی مافی مرۆڤ و دەسپاكی بكرێت.

زیاتر گوتی "لە داهاتوودا، لیژنەی یاسایی لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان تاوتوێی ئەو پرسە دەكەن بۆ كۆتایی هێنان بە بەسەرچوونی ماوەی یاسایی هەردوو دەستەكە و هەڵبژاردن و متمانەدان بە كەسانی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی هەردوو دەستەكە".

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، بە یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2010 دامەزراوە، زیا بترس، لەسەر پێكهاتەی مەسیحییەكان وەك یەكەمین سەرۆكی دەستە لەلایەن پەرلەمانی كوردستان متمانەی وەرگرتووە.

زیا بترس لە ساڵی 2011 دەستبەكار بووە، بەگوێرەی یاسایەكەش ماوەی سەرۆكایەتی هەر دەستەیەك دەبێت چوار ساڵ بێت، بەڵام وێڕای تێپەڕبوونی چوار ساڵ بەسەر كۆتایی هاتنی ماوەی یاسایی سەرۆكی دەستەكە، تا ئێستە پەرلەمانی كوردستان، كەسێكی تری لە جێگەی سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ دەستنیشان نەكردووە.

دەستەی دەسپاكی بە یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2011 كە لە پەرلەمانی كوردستان دەرچووە، دامەزراوە. د.ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەسپاكی ساڵی 2013 وەك سەرۆكی دەستەكە لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە متمانەی پێدراوە و تا ئێستەش لە پۆستەكەی بەردەوامە، ئەگەرچی بەگوێرەی یاسای دەستەكە بێت، سەرۆكی دەستە ماوەی یاسایی مانەوەی لەو پۆستەدا بۆ چوار ساڵە، بەمەش زیاتر لە دوو ساڵە ماوەكەی تەواو بووە، بەڵام هێشتا پەرلەمان كەسێكی لە جێگەیدا دەستنیشان نەكردووە.

رێكاری دەستنیشانكردنی سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ و دەستەی دەسپاكی، لە رێگەی پێشكەشكردنی سی ڤی دێت بۆ لیژنەیەكی تایبەت كە پەرلەمانی كوردستان دەستنیشانی دەكات، دوای پۆلینكردنی سی ڤییەكان و ئەنجامدانی دیداری راستەوخۆ لەگەڵیان، لیژنەكەی پەرلەمان ناوی سێ كەس رادەستی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكات، دواتریش لەلایەن ئەندامانی پەرلەمان بە دەنگدان متمانە بە یەكێكیان دەدرێت كە زۆرترین دەنگ دەهێنێت.


وشە - فه‌رمان سادق