ئێران: دۆخەكە لە كەنداو زۆر مەترسیدارە

:: PM:10:05:17/07/2019 ‌

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی كرد كە ناوچەی كەنداو بە دۆخێكی زۆر مەترسیداردا تێپەڕ دەبێت بەهۆی بوونی ژمارەیەكی زۆری كەشتی سەربازی بیانی لەوێ.

زەریف ئەمڕۆ چوارشەم لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی لە نیویۆرك لە بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژەی كرد، ئەو دۆخەی كەنداو زۆر مەترسیدارە و ژمارەیەكی زۆری كەشتی سەربازی لەوێ كۆبوونەتەوە كە پێویست ناكات لەوێ بن. 

ئاماژەی كرد، ناوچەكانی سەروەری ئێمە بریتییە لە لێواراوێك بە درێژایی 1500 میل، بەڵام نازانین ئەو هەموو كەشتییە لەوێ چی دەكەن، ئێمە ئەركی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە دەگرینە ئەستۆ و پێم وایە ئەوە هەمووان دەگرێتەوە.

تا دێت سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران توندتر دەبێت، بەتایبەتی دوای خستنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی ئەمەریكا لەلایەن ئێرانەوە كە چی نەمابوو ئەمەریكا گورزێكی سەربازی لە ئێران بدات، بەڵام لە دوا ساتەكان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا بڕیارەكەی هەڵوەشاندەوە و بەڵێنی سەپاندنی سزای توندتری لە ماوەیەكی نزیك بەسەر ئێران دا. 

ئەمڕۆ چوارشەم 17ی تەمووز، برایان هوك نێردەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ئێران رای گەیاند، لە چەند هەفتەی داهاتوودا ئەمەریكا و 65 وڵاتی تر لە بەحرێن كۆ دەبنەوە بۆ تاوتوێكردنی پرسی سەقامگیری دەریایی لە كەنداوی عەرەب.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل