بزووتنەوەی گۆڕان ئەو پۆستانە ئاشكرا دەكات كە بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا لە كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێی بدرێت، ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی ئەو بزووتنەوەیەش زانیاری دەدات.
چالاكی موهەندیس، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ چوارشەم بە "وشە"ی راگەیاند، بزووتنەوەی گۆڕان بەپێی رێككەوتنی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، چەند پۆستێكی لە كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم بەر دەكەوێت، بۆ ئەوەش لە قۆناغی یەكەمدا چوار كاندیدی بۆ چوار وەزارەت دیاری كرد و دەستبەكار بوون.
زیاتر گوتی، هەریەكە لە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم بۆ كاروباری چاكسازی، سەرۆكی دەستەی سندووقی داهاتەكانی نەوت و گاز و ئەندامێكیشمان لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەبێت، لەگەڵ چەند پۆستێكی تر.
لە بارەی یەكلاكردنەوەی كاندیدی ئەو پۆستانەی باس كران، موهەندیس گوتی، هێشتا بە فەرمی هیچ كام لەو كاندیدانە یەكلا نەكراونەتەوە كە بۆ ئەو پۆستانە دیاری دەكرێن، بەڵام لە چەند رۆژی داهاتوودا گۆڕان لەسەر ئەو پرسە كۆ دەبێتەوە و بابەتی دانانی كاندید بۆیان گفتوگۆی لەسەر دەكرێت.
بزووتنەوەی گۆڕان لە كابینەی نۆی حكومەتی هەرێم بە چوار وەزارەت و چەند پۆستێكی تر بەشداری كردووە و وەزیرەكانی لە كابینەی نوێدا دەستبەكار بوون.
سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا