هاوپەیمانی فەتح: عەبادی هیچ هیوایەكی بۆ گەڕانەوە نییە

:: PM:10:46:17/07/2019 ‌

هاوكات لەگەڵ ئەو قسانەی باس لە هەوڵەكانی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق دەكەن بۆ گەڕانەوە بۆ پۆستەكە دوای لادانی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی ئێستەی عێراق، پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی "فەتح" دووپاتی كردەوە كە عەبادی هیچ هیوایەكی بۆ گەڕانەوە نییە.

عەبدولئەمیر مەیاحی، ئەمڕۆ چوارشەم رای گەیاند، دۆخی ئێستە رێگە بە بوونی هیچ كەلەبەرێك لە دەستوور نادات كە عەبادی بتوانێت لێوەی بگەڕێتەوە دەسەڵات، چونكە هیچ پۆستێك تا دەگاتە بەڕێوەبەری گشتی بەكەس نادرێت بێ بوونی تەوافوقی سیاسی و ئێستە ئەوە نییە بۆ پاڵپشتی عەبادی.

ئەو پەرلەمانتارە دووپاتی كردەوە كە عەبادی هیچ هیوایەكی بۆ گەڕانەوە بۆ دەسەڵات نییە، هاوكات هیچ بوارێكیش بۆ روودانی كودەتای سەربازی یان هەر شێوازێكی تری نایاسایی گۆڕانكاری لە عێراق نییە، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو دەنگۆیانەی باس لە ئەگەری كودەتایەكی سەربازی لە ساڵوەگەڕی 14ی تەمووز و رووخانی رژێمی شاهانە لە عێراق دەكەن. 

لای خۆیەوە فالح عیساوی، گوتەبێژ بەناوی هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان (سوننە)، رای گەیاند كە پاڵپشتی لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكەین بۆ جێبەجێكردنی كارنامەی حكوومەتەكەی لەوانەش گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیان. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل